ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران چه‌ندان بڕیاری گرنگ له‌باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی و زیادكردنی داهات و جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازیی ده‌دات.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م شه‌شی ئایار، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به سه‌رپه‌رشتی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران چه‌ندان بڕیار دراوه.
وه‌ك له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆخی دارایی ئێسته‌ی هه‌رێمی كوردستان و رێوشوێنه‌كانی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی كرا كه به‌شێكه له كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه بازرگانییه‌كان له لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری له‌به‌ر ڕۆشنایی یاسای چاكسازیی
ئاماژه به‌وه كراوه كه جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌رئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كانی شاندی حكوومه‌تی هه‌رێم له به‌غدا به سه‌رۆكایه‌تی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران خسته‌ڕوو تایبه‌ت به بابه‌تی شایسته داراییه‌كان و دۆسیه‌ی نه‌وت و گاز. ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران وێڕای ده‌ستخۆشی له شانده‌كه و به‌رز نرخاندنی هه‌وڵه‌كانیان، پێشنیاره‌كانی شانده‌كه‌ی په‌سه‌ند كرد بۆ به‌رده‌وامیدان به كۆبوونه‌وه‌كان له پێناوی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و دابینكردنی ماف و مووچه و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
له‌باره‌ی پرۆسه‌ی چاكسازی، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دووپاتی كرده‌وه له‌سه‌ر ده‌ستبه‌جێ جێبه‌جێكردنی سه‌رجه‌م بڕگه‌كانی یاسای چاكسازیی به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌ی باڵای چاكسازیی په‌سه‌ند كرا، وه‌زاره‌ته پێوه‌ندیداره‌كانیش هاتنه راسپاردن بۆ وه‌رگرتنی ڕێكاریی پێویست به ئاراسته‌ی گره‌نتیكردنی مافی مووچه‌خۆری شایسته.
ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئه‌م بڕیارانه‌ی ده‌ركرد:
•كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان:
1- كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه و ده‌ڕماڵه‌ی خاوه‌ن وه‌زیفه باڵاكان و پله‌تایبه‌ته‌كان له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێم، سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا له بواره‌كانی خزمه‌تی شارستانی و سه‌ربازیی، هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ و ئاسایشی گشتی و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش و ئه‌وانه‌ی به‌و پلانه خانه‌نشین بوون یان خانه‌نشین ده‌بن.
2- خه‌رجكردنی ته‌نیا مووچه‌ی بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌و پلهتایبهتانهی كه له به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ن، سه‌رۆكی یه‌كه كارگێڕییه‌كان له پارێزگار و قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێ كه معهومن و پێویسته له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری له ماوه‌ی 30 رۆژ له چوارچێوه‌ی یاسای چاكسازیی چاره‌نووسی وه‌زیفییان یه‌كلا بكاته‌وه.
3- پێویسته وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری مووچه ته‌نیا بۆ ئه‌و كه‌سانه خه‌رج بكات كه تۆمارن له داتابه‌یسی تۆماری بایۆمه‌تری و به كرده‌نی له خزمه‌تی وه‌زیفیدان، هه‌روه‌ها بڕینی مووچه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به كرده‌نیی خزمه‌تی وه‌زیفی ناكه‌ن.
4- كه‌مكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی ته‌شغیلی بۆ نزمترین ئاست به جۆرێك ته‌نیا بواره سه‌ره‌كییه‌كانی خه‌رجی بگرێته‌وه وه‌ك بواری دابینكردنی ده‌رمان، پێداویستی پزیشكی و تاقیگه‌یی و خواردنی نه‌خۆشخانه، زیندانییه‌كان و خانه‌ی به‌ساڵاچووان و نه‌وجه‌وانان و منداڵان، شێڵته‌ره‌كانی ژنان و پاكردنه‌وه‌ی شار و شارۆكه‌كان، نه‌خۆشخانه‌كان و پێداویستییه‌كانی ئاو و كرێی وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با و چاككردنه‌وه‌ی ڕێگه‌وبانه‌كان.
5- پێڕه‌وكردنی سیستمی نوێی ئۆنڵاین بۆ خه‌رجكردنی بودجه‌ی ته‌شغیلی له پێناوی بره‌ودان به شه‌فافییه‌ت و كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین.
6- ڕاگرتنی خه‌رجییه‌كانی بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان (پڕۆژه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان و په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان).
7 - پێداچوونه‌وه به ده‌رماڵه و پێشینه‌ی وه‌زاره‌ت و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری به ئاراسته‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی بۆ نزمترین ئاست.
8- راگرتنی خه‌رجكردنی راسته‌وخۆی وه‌زاره‌ته‌كان له‌سه‌ر به‌شه داهاتی خۆیان.
9- پێداچوونه‌وه به خه‌رجییه‌كانی خزمه‌تگوزاریی بواری نه‌وت و گاز.
•زیادكردنی داهات:
1- ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی له لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ته‌وه به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست له ده‌روازه سنوورییه‌كان پێشكه‌ش ده‌كرێن، به جۆرێك ده‌بێت داهاتی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بێت.
2- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و لێخۆشبوونانه‌ی كه دراون له ره‌سمی گومرگ و باج كه ناگونجێن له‌گه‌ڵ یاسا و ڕێنوێنییه‌كان.
3- كۆنتڕۆڵكردنی ده‌روازه سنوورییه‌كان به‌مه‌به‌ستی رێگری له‌هه‌ر كارێكی نایاسایی كه زیان به داهاتی گشتی بگه‌یه‌نێت.
4- پابه‌ندكردنی كۆمپانیا ناوخۆییه‌كانی بواری نه‌وت و گاز، كۆمپانیاكانی بواری سكیوریتی و كۆمپانیاكانی بواری پێوه‌ندی و ئینته‌رنێت و پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون به پێدانی باج له چوارچێوه‌ی یاسا و ڕێنوێنییه‌كان.
5- ڕێكخستنه‌وه‌ی میكانیزم و ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه رسووماتی خزمه‌تگوزاریی وه‌زاره‌ته‌كان به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست كۆ ده‌كه‌نه‌وه به‌جۆرێك كه له خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا بێت.
6- سه‌پاندنی باج له‌سه‌ر هاورده‌كردن و پاڵاوتنی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان.
7- پێویسته له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، پۆلێنی سه‌رجه‌م ئه‌و زه‌وییه كشتوكاڵییانه بكات كه زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ر ئه‌نجام دراوه، سه‌ره‌ڕای پێداچوونه‌وه‌ی ئه‌و زه‌وییه كشتوكاڵییانه‌ی به گرێبه‌ست به‌كرێ دراون له رووی نرخ و شێوازی گرێبه‌ست بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك سامانێكی نیشتمانیی مامه‌ڵه‌یان پێوه بكرێت.
8- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌رخانكردنی زه‌وی بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ی مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنانیان پێ دراوه، به‌ڵام ده‌ستیان به جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان نه‌كردووه.
9- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌رخانكردنی زه‌وی كه به موساته‌حه دراون، به‌ڵام ده‌ستیان به جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان نه‌كردووه.
10- تاپۆكردنی سه‌رجه‌م ئه‌و زه‌وییانه‌ی كه به‌شێوه‌ی كارت ته‌رخان كراون بۆ هاووڵاتییان و هه‌روه‌ها تاپۆكردنی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون له پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان به ناوی هاووڵاتییان و پێداچوونه‌وه به نرخی خزمه‌تگوزاریی كۆمه‌ڵگه‌كانی نیشته‌جێبوون.
11- جه‌ردكردنی سه‌رجه‌م موڵك و ماڵی حكوومه‌ت و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كان له لایه‌ن وه‌زاره‌ته پێوه‌ندیداره‌كانه‌وه تا وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ داهاتی گشتی مامه‌ڵه بكرێت.
12- وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه بازرگانییه‌كان له لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری له‌به‌ر ڕۆشنایی یاسای چاكسازیی.
13- په‌سه‌ندكردنی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی دابه‌شكردنی كاره‌با و كۆكردنه‌وه‌ی كرێی به‌شداربووانی كاره‌با له لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ته‌وه له ژێر سه‌رپه‌رشتی و چاودێری حكوومه‌ت.
14- په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ی كڕینه‌وه و به بازاڕكردنی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ت له ژێر سه‌رپه‌رشتی و چاودێری حكوومه‌ت به مه‌به‌ستی پاڵپشتیكردنی كه‌رتی كشتوكاڵ.
15- داشكاندنی ڕێژه‌یه‌ك له‌و پێشینانه‌ی حكوومه‌ت كه له لای هاووڵاتییانه (پێشینه‌ی خانووبه‌ره و پێشینه‌ی هاوسه‌رگیریی و قه‌رزی بچووك) به مه‌رجێك هاووڵاتییان ئاماده بن تا ڕۆژی 15ی حوزه‌یرانی 2020 ته‌واوی بڕی پێشینه‌كان بگه‌ڕێننه‌وه بۆ حكوومه‌ت.
به‌خشینی هاووڵاتییان له دواكه‌وتنی پێبژاردن كه كه‌وتووه‌ته ئه‌ستۆیان له ئه‌نجامی پابه‌ندنه‌بوونی یاساییان به‌رانبه‌ر به دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم
•سووككردنی بار و گوزه‌رانی ئه‌وانه‌ی به هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له كۆرۆنا زیانمه‌ند بوون:
1- لێخۆشبوو‌ن له كرێی كرێچی موڵكه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ مه‌به‌ستی بازرگانی یان پیشه‌سازی یان كشتوكاڵی یان هه‌ر مه‌به‌ستێكی تر، بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه نه‌یتوانیوه به شێوه‌ی ئاسایی به‌كاری بهێنێت به‌هۆی داخستن به پێی ڕێكاره‌كانی خۆپارێزیی له كۆرۆنا یان قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ.
2- به‌خشینی هاووڵاتییان له دواكه‌وتنی پێبژاردن كه كه‌وتووه‌ته ئه‌ستۆیان له ئه‌نجامی پابه‌ندنه‌بوونی یاساییان به‌رانبه‌ر به دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم، ئه‌گه‌ر واده‌ی پابه‌ندبوونه‌كه‌یان كه‌وتبێته ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی تێدا دراوه وه‌ك ڕێكاریی خۆپارێزیی.
3- دواخستنی وه‌رگرتنه‌وه‌ی بڕی گوژمه‌ی سه‌ر هاووڵاتییان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی دامه‌زراوه‌ی حكوومی و شاره‌وانییه‌كان بۆ ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، به بێ ئه‌ژماركردنی هیچ سوود و پێبژاردنێكی دواكه‌وتن بۆ ئه‌و ماوه‌یه.
4- له‌سه‌ر وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی پێویسته ڕێكاری یاسایی پێویست بگرێته‌به‌ر به‌رانبه‌ر به كرێچی موڵكه‌كانی ئه‌وقاف له‌ژێر ڕۆشنایی بڕگه‌كانی ئه‌م بڕیاره.
5- بڕی (15%) داده‌شكێنرێت له‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه كرێچی ده‌یدات له كرێی ئاو و كاره‌با كه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی قه‌رزدار پێش ده‌رچوونی ئه‌م بڕیاره، ئه‌م داشكاندنه به‌رده‌وام ده‌بێت تا 15/6/2020.
5- پێویسته له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كانی باج ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و ماوه‌كانی داخستنی شوێنه بازرگانی و پیشه‌سازی و پیشه تایبه‌ته‌كان و هه‌روه‌ها چالاكییه‌كانی تر كه ده‌كه‌ونه ژێر باری باجی داهات، هه‌ژمار نه‌كه‌ن وه‌ك ماوه‌ی چالاكی بۆ وه‌ده‌ستهێنانی داهات كه ده‌كه‌ونه ژێرباری وه‌رگرتنی باج به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه.
•ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وام :
ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمی وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌كانی نه‌به‌ستراو به وه‌زاره‌ت، ئه‌م بڕیارانه‌ی ده‌ركرد:
1- ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمی فه‌رمانبه‌ران ته‌نیا له دیوانی وه‌زاره‌ت و لایه‌نه نه‌به‌ستراوه‌كان به وه‌زاره‌ت له رێكه‌وتی 2020/5/6 ه‌وه.
2- وه‌زاره‌ت و لایه‌نه نه‌به‌ستراوه‌كان به وه‌زاره‌ت، ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان ده‌بێت بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمانگه‌كان و رێكخستنی ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران به پێی پێویست و به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری و راییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتییان له 2020/5/11 .
3- فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌گه‌ڵ داوده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هاوئاهه‌نگی ده‌كات به‌مه‌به‌ستی كارئاسانی له جێبه‌جێكردن و راییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتییان به شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی.
4- هاووڵاتییان له دوای 2020/5/11 ده‌توانن سه‌ردانی فه‌رمانگه‌كان بكه‌ن به له به‌رچاوگرتنی رێكاره‌كانی خۆپارێزی و رێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كان .
•لامه‌ركه‌زی ئیداری :
ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دووپاتی كرده‌وه له‌سه‌ر كاركردن بۆ چه‌سپاندنی لامه‌ركه‌زییه‌تی ئیداریی له سه‌رجه‌م پارێزگاكان به بێ جیاوازی و به‌و شێوه‌یه‌ی له به‌رنامه‌ی كاری كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمدا هاتووه، به جۆرێك كه گونجاو بێت له‌گه‌ڵ سیستمی یاسایی و كارگێڕی هه‌رێمی كوردستان و شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و دابه‌شكردنی ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی به پێی یاسا، له ژێر چاودێری سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ پاراستنی قه‌واره‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان.