چۆن دادگە مامەڵە لەگەڵ بەڵگەکانی ویکیلیکس دەکات؟

:: PM:09:05:06/05/2020 ‌

 

بەڵگەی ویکلیکیس، بووەتە یەکێک لە یارییەکانی دەستی لایەنە جیاوازەکان و کۆمپانیاکان لە دژی یەکتری و زۆرجار هەڕەشەی گەیاندنی ئەو بەڵگانە بە دادگە، وەک چەکێک بەکار دەهێنرێت، بەڵام ئایا لەڕووی یاسایییەوە، تا چەند بە بەڵگە هەژمار دەکرێن؟


ویکیلیکس چییە؟
بریتییە لە ڕێکخراوێکی نافەرمیی نیودەوڵەتیی قازانجنەویست، لە ڕێگەی وێبسایتێکی ئەلیکترۆنییەوە ڕاپۆرتەکانی کە بریتین لە بەڵگەی دزراو یان دروستکراو لەسەر کەس و شوێنە شوێنە جیاوازەکان. ساڵی 2006 له‌ژێر ناوی ڕێكخراوی سن شاین بڵاو بووه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ جۆلیان ئاسانگ داه‌مه‌زرێنه‌ری ڕێكخراوه‌كه‌ گوتی، زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن و 200 هه‌زار به‌ڵگه‌نامه‌مان لایه‌. به‌ڵگه‌كانی ویكیلیكس له‌سه‌ر وڵاتان، مشتومڕی زۆری دروست كردووه‌، به‌تایبه‌تی لەبەر ئەوەی زۆرینەی بەڵگەکەی بە ڕێگەی سیخوڕی پەیدا کراون و ده‌ركه‌وت به‌شێكی ئه‌و به‌ڵگانەیش‌ ساخته‌ن.

هەر بەڵگەیەک بە ڕێگەی سیخوڕی پەیدا کرابێت نابێتە بەڵگەی یاسایی

بەهای یاسایی
یاسای سزادانی عێراقی، هیچ نەخشەڕێگەیەکی بۆ سەرچاوەکانی وەرگرتنی بەڵگە نەخستووەتە بەردەم دادوەر و ئازادی کردووە کە چ جۆرە بەڵگەیەک وەک بەڵگەی یاسایی وەربگرێ، بەڵام بەڵگەکانی ویکیلیکس بە بەڵگەی ڕاستەوخۆ هەژمار ناکرێن، بەڵکوو پێی دەگوترێ بەلگەی بەراورد (قرائن)، ئەویش بەپێی (قانون المرافعات المدنية وقانون الاثبات العراقي) ژمارە ١٠٧ی ساڵی ١٩٧٩ وەک بەڵگەی ڕاستەخۆ بە ئاسانی نابێتە بەڵگەی یاسایی.

بەپێی یاسای عێراقی، بەڵگەکانی ویکیلیکس ئەگەرچی بەڵگەی هەلومەرجن (الدليل الظرفي) لەبەر ئەوەی شێوازی وەرگرتنی بەڵگەکان بەهەند وەردەگیرێ، هەروەها لەبەر ئەوەی بەگشتی زۆرێک لە مەرجە یاسایییەکانیان تێدا نییە، وەک نەبوونی پێکلکاندنی دروست لە نێوانیاندا لەسەر یەک دۆسیەی تایبەت، هیچ بەهایەکی سەلماندنی یاسایی دروست ناکەن. بەپێی یاساش هەر بەڵگەیەک بکەوێتە ژێر باری گومانەوە، ئیدی وەک بەڵگە هەژمار ناکرێ، تەواوی ئەو بەڵگانەیش ناتوانن لەژێر ئەگەری گومان بێنە دەرەوە.

ئەو بەڵگانەی لە ڕێی ویکیلیکسەوە دەردەهێنرێن و دەخرێنە بەردەم دادگە، تەنانەت دوای ئەوەی دادوەر بۆی دەرکەوت کە پێوەستن بە یەکەوە و دەکرێ وەک بەڵگەی هەلومەرج تەماشا بکرێ، بۆ ئەوەی تاوانێکی پێ بسەملێ، دەبێ ئەو کەسەی ناوی لە بەڵگەکان هاتبوو، ددان بەو زانیارییانە بنێت کە تێیاندا هاتووە، هەروەها ئەوە تاکە بەڵگەی بەردەستی دادوەر نەبێ، بەڵگەی تری جیا لە ویکیلیکس هەبوو، لەو کاتەدا بەڵگە ئەلیکترۆنییەکان وەک بەهێزکردنی بڕیارەکە وەردەگیرێ.

ڕاستیی بەڵگە پێوەستە بە شێوازی وەرگرتنی
لە مادەی پێنجەمی "قانون الإثبات العراقي"دا دووپات لەسەر بنەمانی نیازپاکیی هێنانەوەی بەڵگە کراوە، هەر بەڵگەیەک بە ڕێگەی نایاسایی وەرنەگیرابێت، نابێ وەک بەڵگەی سەلماندنی تۆمەت بەسەر تۆمەتباردا بسەپێندرێ، بەڵام دەکرێ لە کاتی بێتواناکردنی تۆمەتبارێک سوودی لێ بکرێ. واتە ئەگەر بتەوێ کەسێک بە تاوانێک بگریت، تاکە بەڵگەت ویکیلیکیس بێت، وەرناگیرێ، بەڵام ئەگەر بتەوێ کەسێکی بێتاوان ئاشکرا بکەی، تاکە بەڵگەت ویکیلیکیس بێت، وەردەگیرێت.

بەڵگەکانی ویکیلیکیس لەبەر ئەوەی بە ڕێگەی سیخوڕی و دزینی زانیاری وەرگیراون، بەپێی یاسای عێراقی ئەگەری ئەوەی بۆ دادەنرێ کە دەستکاری کرابن، چونکە ئەوەی ئەو بەڵگانە دەکاتە سەرچاوەی زانیارییەکانی، مەبەستی لێدانە لەوی تر نەوەک بەرقەراربوونی یاسا و دادپەروەری، بۆیە هەموو ئەگەرێکی ساختەکردنی لێ دەکرێت، ئەمەیش وای کردووە دادوەر بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بەڵگانە دەکات و کاتی زۆری پێ دەدات تا وەک بەڵگەی یاسایی هەژمار بکرێن، بۆ ئەوەیش هەژمار بکرێن، دەبێ ژمارەی بەڵگەکان زۆر بن و هیچیان ئەوی تر بەدرۆ نەخەنەوە یان زانیاریی هیچیان جیاوازی لەگەڵ ئەوی تردا نەبێت.

دادگەی تەمییزی عێراقی بەتەواوی لەگەڵ ئەوەدایە کە پشت بە بەڵگەی ئەلیکترۆنی نەبەسترێ، چونکە ڕێگەکانی پێی وەرگیراون، دەکرێ دروست کرابن.

پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەیش بکەین، بابەتی وەرگرتنی بەڵگەی ویکیلیکیس تەنانەت ئەگەر هەلومەرجی تەواویشیان تێدا بوو کە وەک بەڵگە وەربگیرێن، بەپێی یاسای عێراقی هیچ بەڵگەیەکی ئەنتەرنێت یان ڤیدیۆ و دەنگ، تا ئێستە وەک بەڵگە هەژمار نەکراون، بۆیە دادوەر دەبێ خۆی بڕیار بدات ئایا هیچ سەلمێنەرێکی دەرەوەی ئەو بەڵگە ئەلیکترۆنییانە دەتوانن زانیارییەکان پشتڕاست بکەنەوە؟

هەندێک خاڵ کە بەڵگەی ویکیلیکس لاواز دەکەن:
یەک: دادگە بۆ وەرگرتنی هەر بەڵگەیەکی دۆکیۆمێنتی، داوای کۆپیی یەکەم (ئەسڵی) دەکات، بەڵگەی ئەلیکترۆنیش ئەو تایبەتمەندییەیان تێدا نییە.

دوو: شێوازی دەستکەوتنی ئەو زانیارییانە، کردارێکی سیخوڕی یان دزی یان هاککردنە لەلایەن ویکیلیکسەوە، ئەمەیش هۆکارێکی سەرەکییە کە بەڵگەکە وەرنەگیرێت.

سێ: زۆربەی بەڵگەکانی ویکیلیکیس بەرواریان لەسەر نییە، یان بەروارەکەیان دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ دۆخی ڕاستیی تۆمەتەکە یەک ناگرێتەوە.

 



وشە - كوردۆ شابان