نەمسا ئەو خانووەی هیتلەری تێدا لە دایك بووە دەڕووخێنێت

:: PM:12:16:18/10/2016 ‌

دوێنێ دووشەم 17ی ئۆكتۆبەر/تشرینی یەكەم، ڤۆلڤگانگ سوپوتكا وەزیری ناوخۆی نەمسا، پێداگریی حكوومەتی وڵاتەكەی راگەیاند، لەسەر بڕیاری تێكدان و رووخاندنی ئەو خانووەی باكوری وڵاتەكە، كە پێشتر ئەدۆلف هیتلەری تێدا لە دایك بووە.

بە گوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی دی پرێسی نەمسایی، هۆكاری رووخاندنی ئەو خانووە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە خانووەكە رێگرە لە بەردەم دروستكردنی باڵاخانەیەكی نوێ كە بڕیارە لەو شوێنە بنیاد بنرێت.

هاوكات رۆژنامەكە ئاشكرای كردووە، ئەو باڵاخانەیەی كە لەوێ بنیاد دەنرێت، بڕیارە یان بۆ مەبەستی پڕۆژەیەكی خێرخوازی بەكار بهێنرێت، یانیش بكرێتە شوێنێكی كارگێڕی.

هاوكات وەزیری ناوخۆی نەمسا ئەوەشی راگەیاندووە، كە بڕیارەكەیان دوای ئەوە بووە كە پەرلەمانی وڵاتەكە لیژنەیەكی هەڵسەنگاندنی پێك هێناوە بۆ بڕیاردان لە بارەی رووخاندنی خانووەكە، لە ئەنجامدا لیژنەكە گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی كە خانووەكە هیچ نرخێكی مێژوویی ئەوتۆی نییە، تا بهێڵرێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەو خانووە دەكەوێتە ناوچەی رانسخوفین لە وڵاتی نەمسا، كە لە ساڵی 1889 ئەو كاتەی هیتلەر تێیدا لە دایك بووە، ناوچەكە سەر بە دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریی نەمسا-مەجەڕ بووە.

سەرچاوە: سپوتنیك-rt




وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی