چەند زانیاریەك لەبارەی بودجەی عێراق ئاشكرا دەبێت

:: PM:09:13:10/05/2020 ‌

بڕیار بوو لە كۆتایی ساڵی رابردوو بودجەی 2020 بچێتە پەرلەمانی عێراق بۆ پەسندكردنی، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەكان نەتوانرا لەكاتی خۆی ئامادە بكرێت و رەوانە بكرێت، كە حكوومەتی دەستی لەكار كێشایەوە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق زانیاری لەبارەی بودجەی 2020 ئاشكرا دەكات.
بودجە بۆ شەش مانگ ئامادە دەكرێت
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق عێراق ئەمڕۆ یەكشەم گوتی، پڕۆژە یاسای بودجە بۆ نیو ساڵ دەبێت، واتە تا كۆتایی ئەمساڵ، بودجەكە بۆ دابینكردنی مووچە و پسوولەی خۆراك و دەرمان تایبەت دەبێت، هەروەها حكوومەت چەند گۆڕانكارییەك لەسەر ئەو پڕۆژەی ئێستە هەیە ئەنجام دەدات بۆ گونجانی لەگەڵ بەرنامەی حكوومەتەكەی.

سەفار زیاتر گوتی، حكوومەتی مستەفا كازمی سوود لەو بودجەیە دەبینێت كە لەلایەن حكوومەتی پێشوو ئامادە كرابوو، بەڵام چەند گۆڕانكارییەكی بەسەردا دەكات كە لەگەڵ بەرنامەی حكوومەتەكەیدا بگونجێت، ئاشكرای كرد كە بودجەی ئەمساڵ بۆ نیو ساڵ دەبێت، واتە تا تەواوبوونی 2020 و پشت بە نرخی خەمڵێنراوی گونجاوی نەوت دەبەستێت، بەو پێیەی نەوت سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی بودجەیە.

ئاماژەی كرد، حكوومەتی پێشوو پڕۆژەی بودجەی لەسەر بنەمای دوو نرخی نەوت داناوە، یەكەمیان نرخی جێگیر كە بودجەی بەكارخستن دەگرێتەوە بۆ دابینكردنی مووچە و پسوولەی خۆراك و دەرمان، نرخێكی گۆڕاو و هەر زیادبوونێك لە نرخی نەوت بۆ بودجەی وەبەرهێنان دابین دەكرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل