دوای ئەوەی لە ماوەی چەند مانگی رابردوو بەهۆی وەستانی كار و ژیان لەكاتی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا حكوومەتی عێراق ناوی زەرەمەندانی تۆمار كرد بە مەبەستی پێدانی بڕێك پارە پێیان، ئەندامێكی لیژنەی كۆمەڵگەی مەدەنی لە پەرلەمانی عێراق دوایین زانیاری لەیارەی كاتی دابەشكردنی ئاشكرا دەكات.
هەر كەسێك 30 هەزار دیناری پێ دەدرێت
حەسەن نەرمۆ، ئەندامی لیژنەی كۆمەڵگەی مەدەنی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەم بە"وشە"ی راگەیاند، كارەكانی وردبینی و پێداچوونەوە بە ناوی ئەو كەسانەی فۆڕمیان پڕكردووەتەوە، كۆتایی هاتووە و ناوەكان ئامادەكراون بۆ هاوكاریكردنەكە كە پێدانی پارەیە پێیان.
زیاتر گوتی، ئەو پارەیە لە رێگەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییەوە دابەش دەكرێت و لە هەر شارێك لیژنەیەكی تایبەتی بۆ پێكدەهێنرێت و لە شارۆكە و ناوچەكانیش بە هەمان شێوە لیژنە دروست دەكرێت و هەر دوو وەزارەتی كاری عێراق و هەرێم پێوەندی باشیان هەیە.
نەرمۆ روونی كردەوە، كارەكان تەواو بوون، بڕی پارەكە 360 ملیار دینارە و بۆ هەر خێزانێكی شایستە كە 12 ملیۆن هاووڵاتی عێراقی بە هەرێمیشەوە دەگرێتەوە، سوودمەند دەبن و هەر كەسێك 30 هەزار دیناری پێ دەدرێت.
باسی لەوەیش كرد، تەنیا ماوەتەوە سەر ئەوەی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق رەزامەندی خەرج كردنەكەی بدات، كە بەدڵنیاییەوە لەم چەند رۆژە دابەش دەكرێت.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی