رۆژنامه‌یه‌كى له‌نده‌نى پێشبینى ئه‌وه ده‌كات له چه‌ند مانگى داهاتوودا كاریگه‌ریى شه‌ڕى سووریا بكه‌وێته عێراق، چونكه له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنى یاساى سزاكانى ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر رژێمى سووریا، عێراق ببێته ناوه‌ندێك بۆ هاوكاریكردنى رژێمه‌كه.
رۆژنامه‌ى
"عه‌ره‌بى جه‌دید" ئه‌مڕۆ دووشه‌م 11ى ئایار، له راپۆرتێكدا باس له لێكه‌وته‌كانى جێبه‌جێكردنى یاساى سزاكانى ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر رژێمى سووریا ده‌كات كه بڕیاره مانگى حوزه‌یرانى داهاتوو جێبه‌جێ بكرێن.
پێشبینى ده‌كرێ به‌هۆى سزاكانى ئه‌مه‌ریكا عێراق بكه‌وێته جه‌نگى سووریاوه
جیرالیدین گرێفیس گوته‌بێژى دۆسیه‌ى هه‌رێمه‌كان له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا به رۆژنامه‌كه‌ى گوتووه، ئه‌گه‌ر ئه‌و یاسایه جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌وا چه‌ندان حكوومه‌تى هاوپه‌یمانى سووریا سزا ده‌درێن.
هه‌روه‌ها دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه كه سزاكان بارودۆخى ئابوورى و سه‌ربازى و سیاسیى ئه‌سه‌د خراپتر ده‌كه‌ن، بۆیه روانگه‌ى سووری بۆ مافه‌كانى مرۆڤ پێشبینى ئه‌وه‌ى كردووه، له‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنى سزاكان چه‌ندان كۆمپانیاى وه‌همى له عێراق دابنرێت و رژێمى ئه‌سه‌د پاره‌دار بكه‌ن.
له سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه عێراق به ئاشكرا بووه‌ته گۆڕه‌پانى ململانێى نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا، پێشبینى ده‌كرێت له هاوینى داهاتوو به‌هۆى سووریایشه‌وه كێشه و گرژیى له عێراق دروست بێت.
یاساى سزادانى رژێمى ئه‌سه‌د به "یاساى سیزه‌ر"ده‌ناسرێت، ئه‌و یاسایه بۆ سزادانى رژێمى ئه‌سه‌د دانراوه و له ساڵى رابردوو له‌لایه‌ن كۆنگرێس و تره‌مپه‌وه په‌سه‌ند كرا، به‌گوێره‌ى یاساكه هه‌موو ئه‌و حكوومه‌تانه سزا ده‌درێن كه له‌ڕووى ئابوورى و سه‌ربازى و سیاسییه‌وه پاڵپشتى ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن.