شه‌ڕی توویته‌ری واشنتن و تاران گه‌یشته‌ گرتووخانه‌كان

:: PM:10:14:12/05/2020 ‌

هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مه‌ریكا و ئێران، هه‌نگاوێكی تری شه‌ڕی توویته‌ری نێوانیان ده‌ست پێ كرد، به‌ڵام ئه‌م جاره‌ ڕه‌نگه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گیراوه‌كانیانی تێدا بێت و هه‌ندێك گیراوی لای یه‌كتری به‌ گۆڕینه‌وه‌ ئازاد بكه‌ن، ئه‌مه‌یش دووپاتی ئه‌و ڕاستییه‌یه‌ كه‌ توویته‌ر به‌شێكی ئاڕاسته‌ی سیاسه‌تی جیهانی ده‌سووڕێنێ.

له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردووه‌وه‌ چه‌مكێكی نوێ له‌ شه‌ڕه‌كان دروست بوو كه‌ پێی ده‌گوترا "شه‌ڕی سیبرانی" واته‌ سووتاندنی تۆڕه‌كان و بوارێكی نوێی ململانێكان په‌یدا بوو. ئێسته‌ش "شه‌ڕی لایك" به‌رده‌وامیی ئه‌و شه‌ڕه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و لایه‌نه‌ ڕكابه‌ره‌كان پاره‌ی زه‌به‌لاحی تێدا خه‌رج ده‌كه‌ن.

لە شەڕی توویتەردا ئەمەریکا و ئێران یەکتری تۆمەتبار دەکەن و دنیاش چاودێرییان دەکات

 

ڕۆژی یەکشەمی ڕابردوو، گوتەبێژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕێی توویتێکەوە ڕای گەیاند کە وڵاتەکەی پێش ماوەیەک دەستپێشخەرییەکی خستووەتە بەردەم ئەمەریکا بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە بکەن کە لای یەکتری گرتوویانن، بەڵام ئەوان هێشتا چاوەڕێی وەڵامی ئەمەریکا دەکەن و تا ئێستە هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە.

ئەوەی چاوەڕوان نەدەکرا، کین کۆچینیلی بریکاری وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا کە پێشتر چەند جارێک گوتبووی ئێمە ویستبوومان گیراوە ئێرانییەکان ئازاد بکەین و بیانگەڕێنینەوە بۆ وەڵاتەکەیان بەڵام هەڵوێستەکانی ئێران نەیهێشت، ڕۆژی دووشەم لە توویتێکدا وەڵامی توویتەکەی گوتەبێژی کۆماری ئیسلامی دایەوە و نووسی: ئێمە چوار ئێرانیمان لایە کە بەڕێگەی قاچاخ هاتوونەتە وڵاتەکەوە و هەوڵ دەدەین بیانگەڕێنینەوە.

کۆچینیلی کە هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا زۆر دژی پەنابەرانە و نایەوێ هیچ پەناخوازێکی نوێ نزیکی وڵاتەکەیان ببێتەوە، ئەم توویتەی بۆ ئەوە بوو کە بە ئێران بڵێ، ئەوانەی لای ئێمە گیراون، هیچ هۆکارێکی سیاسییان لە پشتەوە نییە، تەنیا هۆکارێکی یاسایییە کە بە قاچاخ هاتوون.

ئەوەیشی نووسیوە: ئەگەر محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاست دەکات، ئاوا ئەو بابەتە مەوروژێنن گوایە دەتانەوێ بگەڕێنەوە، فەرموون فڕۆکەیەن بگرن بە کرێ، هەموویانتان بۆ دەنێرینەوە.

عەباس مووسەوی گوتەبێژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ سێشەم وەڵامی بریکاری وەزیری ناوخۆی ئەمەریکای دایەوە و هەر لە ڕێگەی توویتەرەوە نووسیویەتی: وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاشکرا لە ساڵی 2018 داوای ئازادكردنی گیراوه‌كانی كردووه‌ و له‌و كاته‌وه‌ چه‌ند جاری تر ده‌ستپێشخه‌ریمان ڕاگه‌یاندووه‌، هه‌روه‌ها ڕوو له‌ كۆچینلی ده‌كات و نووسیویه‌تی: "واز له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی گه‌مژه‌یی بێنه‌".

هه‌روه‌ها پێی ده‌ڵێ: به‌داخه‌وه‌ وه‌ڵامی حكوومه‌ته‌كه‌ت زۆر نه‌شیاو بوو، مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی ئه‌و گیراوانه‌تان هه‌یه‌ كه‌ لای ئێمه‌ن. دنیا چاوی له‌ كرده‌وه‌كانتانه‌ نه‌وه‌ك لێدوانه‌كانتان، واز بێنن و هاووڵاتییه‌كانی ئێمه‌ ئازاد بكه‌ن.

ئەم شەڕەی دواهەمینی نێوان ئەمەریکا و ئێران لەسەر دیلەکانیان، یەکێکە لە دەیان شەڕی تری توویتەر کە لە ڕابردووشدا لە نێوان ترەمپ و خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی دروست بووە و هەمووی دەرخەری ڕاستییەکە کە یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی شه‌ڕی داهاتووی پێ له‌سه‌ر بونیاد ده‌نرێ، بریتییه‌ له‌ شه‌ڕی زانیاری و ئه‌ویش زۆرینه‌ی هه‌ر له‌ ڕێی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌ و هه‌ر لایه‌ زانیاری به‌ شێوه‌ی خۆی بڵاو ده‌كاته‌وه‌. لێره‌دا "ئه‌لێكس جۆنز" كه‌ پسپۆڕێكی ستراتیژییه‌ و به‌ ته‌واوی بڕوای به‌ بیردۆزی پیلانگێڕی هه‌یه‌ ده‌ڵێ: له‌ ڕێی شه‌ڕی زانیارییه‌وه‌، هێز و ده‌سه‌ڵاته‌كان شه‌ڕ له‌گه‌ڵ مێشكتدا ده‌كه‌ن و ناچار ده‌بی له‌ ڕێی ئه‌و هه‌موو لایك و كۆمێنته‌وه‌ بڕوا به‌و زانیارییانه‌ بكه‌ی كه‌ مه‌به‌ستییانه‌.

کۆچیلینی سەبارەت بە سیرۆس ئەسغەری زانا ئێرانییە تەکنەلۆجییەکە گوتی: لە مانگی نۆڤەمبەری ڕابردووەوە لە سەرجەم ئەو تۆمەتانەی خرابوونە سەری لا براوە و دەرکەوت هۆکاری هاتنی بۆ ئەمەریکا، دزینی زانیاری نەبووە، بەڵکو تەنیا هۆیەکی زانستی هەبووە و بە داوەتی زانکۆی ئۆهایۆ هاتووە.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەر لە ڕێی توویتەر بڵاوی کردەوە: ئەسغەری لە ئەمەریکا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید 19) بووە.

شه‌ڕی توویتەکان هه‌ر به‌وه‌ ناوه‌ستێ و له‌ داهاتوودا ململانێكان بۆ ئاقارێكی زۆر سه‌ختتر ده‌بات و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی تۆختر ده‌بێته‌وه‌، جیا له‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ ته‌واوی شیرازه‌ی خه‌ڵكی تێك داوه‌. له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كدا زانایان سه‌لماندوویانه‌، به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی كوشتن له‌ ویلایه‌تی شیكاگۆ، له‌ جنێو و ململانێی ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌.


 



وشە - كوردۆ شابان