سوپاسالاری عێراق لە هەولێرە

:: PM:12:29:18/10/2016 ‌

لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی بەرگری عێراقدا هاتووە بەیانی ئەمڕۆ سێشەم سوپاساری عێراق و دەستەی ئەركانی وەزارەتی بەرگری عێراق گەیشتوونەتە شاری هەولێر.

راگەیەنراوەكە وەزارەتی بەرگری عێراق ئاماژەی داوە، سوپاسالار و دەستەی ئەركانی وەزارەتی بەرگری عێراق بە ئامانجی لەنزیكەوە ئاگەداربوون لە هەڵمەتە سەربازییەكانی رزگاركردنەوەی شاری مووسڵ گەیشتوونەتە هەولێر.

هاتنی ئەو شاندە باڵایەی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ هەماهەنگی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقە لە هەڵمەتەكانی تری رزگاركردنەوەی مووسڵ.

بڕیارە شاندەكەی وەزارەتی بەرگری لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و فەرماندە باڵاكانی پێشمەرگە لە ژووری هاوبەشی كردەوەكان كۆ ببنەوە و تاوتوێی پلانی داهاتووی هێرشی رزگاركردنەوەی مووسڵ بكەن.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی جەنگی ڕزگاری مووسڵی ڕاگەیاند، دواتریش لە سەعات 5:30ی بەرەبەیان یەكەم پێشڕەوی لەمیانەی هەڵمەتی رزگاری مووسڵ لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە لە میحوەری خازر دەستی پێ كرد و لە سێ قۆڵەوە بەرەو گوندەكانی دەوروبەری حەمدانییە و بەرتلە پێشڕەوییان كرد، تا ئێوارە توانیان نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە و ڕووبەری 200 كیلۆمەتر دووجاش داعش دووربخەنەوە، هاوكات لە میحوەری گەیارە و گوێڕ-مەخموور و میحوەری بەعشیقە و بەنداوی مووسڵ و ئاسكی مووسڵ جموجۆڵ هەبوون و تیرۆریستان گورزی كوشندەیان پێ كەوت.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و دەكەوێتە 405 كیلۆمەتر باكوری عێراق رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی كە ژمارەیان 60 هەزار چەكدار دەبوو، كەوتە دەست تیرۆریستان و دوای دوو ساڵ و چوار مانگ و حەوت ڕۆژ هێرش لەلایەن پێشمەرگە و سوپای عێراق و دژە تیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی و چەكدارانی حەشدی نیشتمانی دەستی پێ كرد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د