نوێنەری حكوومەتی هەرێم هۆكاری دواكەوتنی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا ئاشكرا دەكات

:: PM:04:52:18/05/2020 ‌

كێشەی نەوت و مووچەی فەرمانبەران لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بە رێككەوتن نەگەیشتووە، لەو كاتەی بڕیارە شاندی باڵای هەرێم سەردانێكی تر بۆ بەغدا ئەنجام بدات، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان باسی وادەی سەردانی شاندەكە و ئاستی دەكات، دوایین زانیاریش لەبارەی گفتوگۆكانەوە دەخاتە روو.
شاندی هەرێم رژدە و هەموو رێگەكانی لەپێش بەغدا داخستووە
فارس عیسا، نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەغدا ئەمڕۆ دووشەم بە "وشە"ی راگەیاند، سەردانی داهاتووی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دەكەوێتە دوای جەژنی رەمەزان، روونی كردەوە كە لە گەڕەكانی پێشووی گفتوگۆكان هەنگاوی باش هەبووە، بەڵام كۆتاهاتنی كابینەی پێشوو و ناتەواوی كابینەی حكوومەتی مستەفا كازمی، لەوانە نەبوونی وەزیری نەوت، بۆ گفتوگۆكردن، بۆیە پرسەكە دوا كەوتووە.

روونی كردەوە، وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان رژدین لە هەوڵەكانمان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و هەموو رێگەكانمان لەپێش بەغدا داخستووە، ئێمە سوورین لەسەر رێككەوتن و لەو بارەوە گەشبینین.

دوێنێ هاتە راگەیاندن كە لە ماوەی ئەم هەفتەیە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سێیەم سەردانی بۆ بەغدا ئەنجام دەدات، بە مەبەستی یەكلاكردنەوەی چەند دۆسیەیەك، لەپێشەوەیان مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، شاندی هەرێم كە بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمە، لە مانگی رابردوو و سەرەتای ئەم مانگە دوو گەڕی گفتوگۆیان لەگەڵ بەغدا ئەنجام دا، لەوكاتەی هەرێم لەگەڵ حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی گەیشتبوو بە لێكگەیشتنی باش، بەڵام بەهۆی بوونی حكوومەتەكەی بە كاربەڕێكەر، واژووكردنی بۆ حكوومەتی نوێ مایەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل