هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ عومه‌ر خاكی، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌زموونی هونه‌ریی خۆی و زیاتریش باس له گۆرانیی "دوو ماچ" ده‌كات، كه ئه‌و گۆرانییه‌ی له ساڵی 2014دا بڵاو كرده‌وه و جگه له جۆش و خرۆشی ئاوازی گۆرانییه‌كه، هاوكات تایبه‌تمه‌ندی و جیاوازیی تێكسته‌كه‌شی هێنده‌ی تر تایبه‌ت و سه‌رنجڕاكێشتری كردووه.
* سه‌ره‌تا ئه‌گه‌ر خۆتان بناسێنن و باسی ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریتان بكه‌ن؟
_ له گوندی حه‌سه‌ن سه‌لارانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له دایك بووم، ته‌مه‌نی منداڵیم له سه‌قز به‌سه‌ر بردووه، له ساڵی 1998ه‌وه له وڵاتی سوید نیشته‌جێم، له منداڵییه‌وه هونه‌ر و گۆرانیگوتن خولیام بوون، به‌ڵام له دوای نیشته‌جێبوونم له ئه‌وروپا به پراكتیكی ده‌ستم به تۆماركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی كاره‌كانم كرد، دوو جار هاسه‌رگیریم كردووه و جیا بوومه‌ته‌وه، پێنج منداڵم هه‌یه.
* گۆرانیی "دوو ماچ" كه له ئه‌لبوومی "خه‌سوو"ی ساڵی 2014 بڵاوتان كرده‌وه، تێكست و ئاوازی هی كێیه؟ چۆن بوو ئه‌و تێكسته‌تان هه‌ڵبژارد؟
_ بنه‌ڕه‌تی ئه‌و گۆرانییه، خۆی فۆلكلۆره و پێشتر عه‌لی خه‌ندان گوتوویه‌تی، ئه‌ویش له زاری دانیشتووانی دێیه‌كی ناوچه‌ی موكریان بیستوویه‌تی، به‌ڵام به‌شه‌كانی تری تێكستی گۆرانییه‌كه خۆم هه‌ڵمبژاردووه، واته سه‌ربه‌ندی گۆرانییه‌كه‌م له‌وه‌وه وه‌رگرتووه، به‌ڵام به‌نده‌كه خۆم دامناوه و هه‌وڵم داوه كه ئه‌ویش هه‌ر له‌سه‌ر هێڵی سه‌ربه‌نده‌كه بێت، واته تێكستی گۆرانییه‌كه ته‌نیا سه‌ربه‌نده‌كه‌ی نه‌بێت، ئه‌وه‌ی تری خۆم نووسیومه. هۆی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و بابه‌ته‌ش بۆ گۆرانییه‌كه‌م، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه ماچ وه‌ك چێژێكی سروشتیی مرۆڤ، كه له نێوان دوو كه‌سدا ئاڵوگۆڕ ده‌كرێت، له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا حه‌رام كراوه، بۆیه به پێویستم زانی وه‌ك هه‌ڵوێستێك به‌رامبه‌ر ئه‌و تابۆیه‌ی ئاین و كۆمه‌ڵگه، ره‌تكردنه‌وه‌یه‌كی هونه‌ریم هه‌بێت، هه‌ر وه‌ك من بابه‌تی زۆرێك له گۆرانییه‌كانی تریشم هه‌ر سه‌ر به‌و ئاراسته‌یه‌ن.
* پێشوازیی راگه‌یاندنه‌كان به‌رامبه‌ر به‌و گۆرانییه‌تان چۆن بوو؟
_ راگه‌یاندنه‌كانی كوردستان به شێوه‌یه‌كی ئه‌وتۆ پێشوازییان له گۆرانییه‌كه‌م نه‌كرد، ئه‌مه‌ش چونكه من هه‌ر به گشتی گۆرانییه‌كانم زۆر له رادیۆ و تیڤییه‌كان بڵاو ناكرێنه‌وه، به‌ڵكو من گۆرانیبێژی خه‌ڵكم، بۆیه ئه‌و گۆرانییه‌شم زیاتر له كه‌ناڵه‌كه‌ی خۆم له یوتیوب بڵاو بووه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ند سایت و پێگه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی وه‌ك نموونه‌یه‌كی گۆرانیی ره‌خنه‌یی كوردی، ئه‌و گۆرانییه‌ی منیشیان بڵاو كردووه‌ته‌وه.
* دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و گۆرانییه به هۆی تێكسته‌كه‌یه‌وه، له رووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه كێشه‌تان بۆ دروست نه‌بوو؟
_ تا ئێسته كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆم بۆ نه‌هاتووه‌ته پێش كه ره‌نگه ئه‌وه‌ش به هۆی زۆر بڵاو نه‌بوونه‌وه‌ی گۆرانییه‌كه‌وه بێت، به‌ڵام بێگومان هه‌ر شتێك زۆر بكه‌وێته به‌رچاو و گوێ، ره‌نگه له داهاتوودا له رووی هونه‌رییه‌وه ره‌خنه‌ی لێ بگیرێت، یان ره‌نگه تێكستی گۆرانییه‌كه له رووی ئاینییه‌وه یان هه‌ر روویه‌كی تره‌وه رووبه‌ڕووی ره‌خنه ببێته‌وه، به‌ڵام من به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌توانم وه‌ڵامی هه‌ر ره‌خنه‌یه‌ك یان هێرشێكیش بده‌مه‌وه كه بكرێته سه‌ر گۆرانیی "دوو ماچ" یان هه‌ر گۆرانییه‌كی ترم، چونكه من سووكایه‌تیم به هیچ كه‌سێك نه‌كردووه، به‌ڵكو گۆرانییه‌كه‌م ته‌نیا كارێكی هونه‌رییه و له تێكسته‌كه‌یدا به‌رگریم له له‌زه‌ت و چێژێكی مرۆیی و سروشتی كردووه، كه ماچكردنی نێوان دوو تاكه و ئه‌وه‌ش ئازادییه‌كی تایبه‌تی كه‌سه‌كانه و نابێ به‌و شێوه‌یه قه‌ده‌غه و تابۆ بكرێت.
* پێتان وایه ئه‌گه‌ر له ده‌ره‌وه نه‌بوونایه و له كوردستان نیشته‌جێ بوونایه، هه‌ر ده‌تانتوانی ئه‌و گۆرانییه به‌رهه‌م بێنن؟
_ خۆی كاتێك له كوردستان بووم، تێكستی ئه‌و گۆرانییه‌م نووسیوه و بێگومان ئه‌گه‌ر له كوردستانیش بوومایه ئه‌و گۆرانییه‌م هه‌ر بڵاو ده‌كرده‌وه ، چونكه من هیچ شتێكی هه‌ڵه‌م نه‌گوتووه و گۆرانییه‌كه‌م په‌یامێكی جوانی هونه‌ری و مرۆیی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه.
* وه‌سفتان چییه بۆ مه‌لا و پیاوانی ئاینی به گشتی؟ بۆچی ئه‌وان دژ به ئازادییه كه‌سییه‌كانی خه‌ڵكن؟
_ من له گۆرانییه‌كه‌شدا ئاماژه‌م پێ داوه و به "كۆلكه مه‌لا" ناوم هێناون، پێشگری "كۆلكه"ش له زمانی كوردیدا ئاشكرایه، بۆ كه‌سێك به‌كار ده‌هێنرێت كه له كارێك یان بوارێكدا نه‌زان بێت و شتێكی وای لێ نه‌زانێت و ئه‌و پێشگره بۆ هه‌ر پیشه‌یه‌ك به‌كار بهێنرێت هه‌مان واتای هه‌یه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر به كه‌سێك بگوترێ "كۆلكه گۆرانیبێژ" ئه‌وه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و كه‌سه هه‌ر به‌ناو گۆرانیبێژه و هیچی لێ نازانێت، مه‌لا و پیاوانی ئاینی ئه‌مڕۆی كوردستانیش، ده‌توانم بڵێم %99یان كۆلكه مه‌لاش نین و بگره ده‌بێ به پێشگرێك كه گوزارشت بێت له ئاستێكی خوار كۆلكه‌وه ناویان بهێنرێت، چونكه ئه‌وه‌ی ئه‌وان باسی ده‌كه‌ن له رووی زانستییه‌وه به‌سه‌ر چووه و وه‌همه، هاوكات هیچ خزمه‌تێكیش به مرۆڤ ناكات و مرۆڤ له سه‌رووی وه‌همه‌كانی ئه‌وانه‌وه‌یه، كه‌چی ئه‌و وه‌همانه‌ی كۆلكه مه‌لاكان بووه‌ته بار به‌سه‌ر ژیانی مرۆڤه‌وه و ئه‌وان خۆیان هه‌ڵده‌قورتێننه ناو زانست و هونه‌ر و هه‌موو شتێكه‌وه.