كۆرۆنا ڕێی لە ئاهەنگی گواستنەوە گرتووە و بۆنەکەی بچووک کردووەتەوە

:: AM:10:19:19/05/2020 ‌
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، داخستنی هۆڵی ئاهەنگەكان و قەدەغەی گردبوونەوە و بۆنەكان، تەنگی بە بووك و زاواكانی هەولێر هەڵچنیوە و بەبێ‌ خزم و هاوڕێیانیان، لە كەشێكی بێ‌ دەنگ ئاهەنگی گواستنەوە ساز دەكەن.

دلین و سیامەند ڕۆژی یەكشەم ئەڵقەی هاوسەرگیرییان گۆڕییەوە، بە گوتەی دلین تەنیا یادگاری هەیانبێت بۆ ئەو بۆنەیە، وێنەیەكە بە دەمامكەوە.

تەنیا چەند كەسێك لە خێزانی هەردوولا دەبێت لەو شوێنە بن
دلین بۆ "وشە" گوتی، سەردانی چەندان هۆڵمان كرد بۆ ئەوەی ڕۆژی ئەڵقە گۆڕینەوەكەمان دیاری بكەین، بەڵام هیچ شوێنێكمان بەكرێ‌ پێ نەدرا و لەلایەن موختاری گەڕەكەكەشمان پێمان گوترا كە نابێت خەڵكێكی زۆر بۆ مارەبڕینەكە ئامادە بن، تەنیا چەند كەسێك لە خێزانی هەردوولا دەبێت لەو شوێنە بن.

باسی لەوەش كرد، نەمانتوانی لەو بۆنەیە هیچ یادگارییەك تۆمار بكەین، تەنیا مارەكردنێك لەلای دادوەر و مارەبڕینێك لەلای مامۆستای ئاینی و وێنەگرتنێك لە ستۆدیۆ كە لە وێنەكەدا دەمامكمان بەست بۆ ئەوەی وەك یادگارییەك بمێنێتەوە.

تا ئێستە قەدەغەیە هیچ بۆنەیەك لەناو پارك بەڕێوە بچێت
"ڕەنگە كارێكی باش بێت كە خزمان و كەسە نزیكەكانمان لەو بۆنەیە لەگەڵمان نەبوون بەهۆی خۆپارێزی و بەرژەوەندی ئەوان، بەڵام گلەیی زۆریشمان لەسەر بوو كە ئەوانمان بانگێشت نەكردووە". دلین وای گوت.

عوسمان حەمە بەرپرسی ڕاگەیاندنی پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێستە پارك كراوەیە بۆ وەرزش و بەسەربردنی كاتێكی خۆش یان هەڵمژینی هەوایەكی پاك بۆ هاووڵاتییان. بەڵام بۆ ئاهەنگگێڕان ڕێپێدراو نییە.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارك گوتی، چەندان داواكاری پێشكەش كراوە تا بۆنە و یادكردنەوە لە پاركدا بەڕێوە بچێت، بەڵام ئێمە سەرجەم داواكارییەكانمان ڕەت كردووەتەوە و ناتوانین مۆڵەت بە كەس بدەین.

بەپێی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی، تا ئێستە قەدەغەیە هیچ بۆنەیەك لەناو پارك بەڕێوە بچێت.

"داواكاری بۆ یادی لەدایكبوون و كاری ڕێكخراوەیی و ئاهەنگی هاوسەرگیری و مارەیی، ڕۆژانە بۆمان دێت و سەرجەم داواكارییەكان ڕەت دەكرێتەوە، ئەوەیش بەهۆی خۆپارێزییە". عوسمان وای گوت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان ، هیچ بڕیارێك دەرناكات ئەگەر لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان نەبێت
ئەركان محەمەد خاوەنی هۆڵی ئاران بۆ "وشە" گوتی، لە ڕۆژی یەكی ئادارەوە بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی، بڕیاری داخستنی سەرجەم هۆڵی بۆنەكان دەرچووە و تا ئێستە هیچ لەو شوێنانە نەكراونەتەوە.

باسی لەوەش كرد، داخستنی هۆڵەكان تا ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە، بە كردنەوەشیان بڕی یەك ملیۆن دینار سزا دەدرێن، بۆیە تاكە شت نەكرابێتەوە هۆڵی بۆنەكانە لە هەولێر و هیوادارین بڕیارێك دەربچێت بۆ كردنەوەی ئەو هۆڵانە.

"ڕۆژانە داواكاریمان بۆ دێت بۆ ئاهەنگ و بۆنەكان، بەڵام ناتوانین هۆڵ بەو كەسانە بدرێت تا بڕیارێكی نوێ‌ دەردەچێت بۆ كردنەوەیان". ئەو خاوەن هۆڵە وای گوت.

بژار مووسا گوتەبێژی تەندروستی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەكانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر، گفتوگۆ كراوە لەسەر كردنەوەی ئەو شوێنانە، بەڵام جارێ‌ بڕیار دەرنەچووە، چونكە دەبێتە هۆی تێكەڵبوونێكی زۆری هاووڵاتییان و مەترسی دەكەوێتە سەر تەندروستییان.

ئەو بەرپرسەی تەندروستی گوتی، پێویستە ئەو كوڕ و كچانەی بەنیازی هاوسەرگیرین، تا ماوەیەكی تر ئەو پرۆسەیە دوابخەن، ئەگەر ئێستەیش ئەنجامی بدەن دەبێت قەرەباڵغی دروست نەكەن و لەژێر چاودێرییەكی چڕی تەندروستی بێت تا تەندروست بن و نەبنە مەترسی بۆ سەر ژیانی كەسانی تر.

باسی لەوەش كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەولێر، هیچ بڕیارێك دەرناكات ئەگەر لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان نەبێت، بەتایبەتی ئەو بڕیارانەی بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا دەرچوونە كە سەلامەتی هاووڵاتییانیان گرەنتی كردووە و ڕێگری دەكەن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

"هیوادارین بەمنزیكانە بڕیار بۆ كردنەوەی هۆڵەكان دەربچێت و ئەو كەسانەی بەنیازی پرۆسەی هاوسەرگیرین، لەگەڵ خۆشەویستانیان ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدەن و تەندروست بن". ئەو بەرپرسەی تەندروستی هەولێر وای گوت.






وشە - رامیار جەواد