داهاتی نەوت و گازی رووسیا بە رێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە

:: PM:04:08:21/05/2020 ‌

داهاتی نەوت و گازی رووسیا بە رێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە و پێشبینی دەكرێ كورتهێنانی بودجەی ئەو وڵاتە بگاتە 74 ملیار دۆلار.

گومرگی رووسیا بڵاوی كردەوە، لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا داهاتی هەناردەكردنی گاز و نەوتی رووسیا بە رێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە.

بەپێی راپۆرتەكە، داهاتی هەناردەكردنی گازی سروشتی بە رێژەی 52% بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو دابەزیوە و گەیشتووەتە شەش ملیار و 800 ملیۆن دۆلار. كۆی قەبارەی هەناردەی گازی سروشتی 24% دابەزیوە و گەیشتووەتە 47 ملیار مەتر سێجا.

كۆمپانیای حكوومی گازپرۆم خاوەنداریەتی كۆی هەناردەی گازی سروشتی رووسیا دەكات كە بە لوولە بۆ وڵاتانی تر دەگوازرێتەوە.

كەمبوونەوەی قەبارەی هەناردەی گاز لە لایەك و دابەزینی نرخی نەوت لە لایەكی تر، هۆكاری سەرەكین لە كەمكردنەوەی داهاتی نەوت و گازی رووسیا لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا.
هەناردەی نەوتی رووسیا لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 6% دابەزیوە

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، قەبارەی هەناردەی نەوتی رووسیا لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 6% دابەزیوە و لەو ماوەیەدا 63 ملیۆن تۆنی رەوانە كردووە.

پێشبینی دەكرێ لە سێ مانگی دووەمی ئەمساڵدا داهاتی نەوت و گازی رووسیا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، دیسان دابەزین تۆمار بكات و بە گشتی لەمساڵدا قەبارەی كورتهێنانی بودجەی رووسیا بگاتە 74 ملیار دۆلار.




وشە - سلێمان تاشان