مستەفا كازمی: پیلانێكی داعشمان تێكشكاندووە

:: PM:05:52:21/05/2020 ‌

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە عێراق بە دۆخێكی سەخت تێپەڕ دەبێت و كاتی كاركردنە نەوەك  قسەكردن، ئەو تیشكی خستە سەر كێشەكانی بەردەم حكوومەتەكەی و دووپاتی كردەوە كە پیلانێكی داعشمان پووچەڵ كردووتەوە.
پێویستە متمانە لە نێوان خەڵك و بەرپرسان دروست ببێتەوە
بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی راگەیاندنی، ئەمڕۆ پێنجشەم سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ پارێزگارەكانی عێراق كردووە لە چوارچێوەی یەكەم كۆبوونەوەی دەستەی باڵای هاوئاهەنگی لە نێوان پارێزگاكان، دووپاتی كردەوە كە كاتەكە هی كاركردن و رووبەڕووبوونەوەی سەختییەكانە نەوەك هی قسەكردن، روونی كردەوە، ئەو حكوومەتە كاردانەوەی بزاوێكی جەماوەرییە و چەندان مەترسی گەورەی لەپێشە و ئامانجی دیاری كراوی هەیە بۆ جێبەجێكردن.

زیاتر گوتی، لەپێشوەی ئامانجەكان، رزگاركردنی وڵاتە لەو دۆخە ئابوورییە سەختەی هەیە كە لە مێژووی عێراق رووی نەداوە، هەوڵ دەدەین بەشێوەیەك چارەسەری بكەین كار نەكاتە سەر ژیانی هاووڵاتییان، هەروەها رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی تەناهی و زیادبوونی جموجۆڵەكانی داعش، كاتێك پیلانێكی ئەو رێكخراوەكان پووچەڵ كردەوە، ئەوەیش لەلایەن سەركردەیەكی گیراوی داعش دانی پێدا نرا.

كازمی دووپاتی كردەوە كە ئامانجێكی تر ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاكی پێشوەختەیە، جیا لە رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، رای گەیاند كە لەگەڵ پێدانی دەسەڵاتی زیاترین بە پارێزگارەكان، هاوكات داوای دروستكردنەوەی متمانەی لە نێوان خۆپێشاندەران و بەرپرسان كرد، بە مەبەستی جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل