وەزیری دارایی عێراق سەردانی سعوودیە دەكات

:: PM:06:16:21/05/2020 ‌

مستەفا كازمی، كە تەنیا دوو هەفتە بەسەر پەسندكردنی حكوومەتەكەی تێپەڕ بووە و تا ئێستە حەوت وەزارەتی كابینەی ئەو حكوومەتە بەتاڵن، هەوڵ دەدات سیاسەتێكی میانڕەو پێڕەو بكات و دارەكە لە ناوەڕاستییەوە بگرێت، بۆیەش دەیەوێت هاوسەنگییەك لە پێوەندییەكانی دەرەوەی عێراق دروست بكات، ئەو وەزیری دارایی رەوانەی سعوودیە دەكات.
عێراق بۆ وەبەرهێنان روو لە سعوودیە دەكات
ئەمڕۆ پێنجشەم بەپێی بەیاننامەیەكی كورتی نووسینگەی راگەیاندنی كازمی، عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق وەك نێردراوی سەرۆك وەزیران، رەوانەی سعوودیە كراوە بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك لەوانە پێوەندییەكانی هەردوولا و دۆخی ئابووری لە ناوچەكە و هاندانی وەبەرهێنان.

شارەزایانی ئابووری هانی حكوومەتی كازمی دەدەن بە بەهێزكردنی پرسی وەبەرهێنان و دروستكردنی پێوەندی بەهێز لەگەڵ هەموو وڵاتانی دەرەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت رووبەڕووی ئەو دۆخە ئابووریە ناهەمووارە ببێتەوە كە هەیە.

هاوكات بڕیارە سبەی رۆژی قودس لە ئێران و ئەو وڵاتانەی حزب و میلیشیای سەر بە ئێرانیان تیادایە، زیندوو بكرێتەوە، ئەگەری هەیە كازمی رەوانەكردنی وەزیری دارایی بۆ سعوودیە، بۆ سەلماندنی ئەوەیە كە عێراق لەیەك دووری لە هەموو جەمسەرەكانی ناكۆك لە ناوچەكە وەستاوە.  






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل