لە قەزای سۆرانی سەر بە پارێزگەی هەولێر مەشکەیەک لە سەتڵ دروست دەکرێت و به ئاسانی دۆ و رۆنی لێ بەرهەم دەهێندرێت .
مەشکە یان مەشک, وەک کەرستەیەک لە هەموو گوندەکانی کوردستان لە دێر زەمانەوە بهكارهاتووه و بەهایەکی تایبەتی هەبووە, چونکە بەهۆی مەشک چهندان جۆر خۆراكی وەک پەنیر , ژاژی, دۆ, کەشک, ماست, لۆر , رۆن و چەند بەرهەمێکی تر . لە شیری بزن و مەڕ و مانگا درووست دهكرێ.
مەشکەی کۆن لە چەرمی بزن یان بەران دروست دهكرا, لە سێ دار هەڵدەواسراو و پێویست بوو ژنێک یا دوو ژنی لێزان بۆ ماوەی نیو سەعات بیهەژێنن, بەڵام بەهۆی گۆڕانکاری سەردەم و پێشکەوتنی دنیا, مەشکەی ئاسن و کارەبایش بەرهەم هاتووە, لەم دوایەشدا بچووکترین مەشکە لە ستڵ لە سۆران دروست کرا, بەهۆی ئاسانی دروست کردن, رەنگە لەمەودووا زۆربەی خەلک کە ئارەزووی خواردنی بەرهەمە شیرییە خۆماڵیەکانی هەیە, مەشکەیەکی وەک مەشکەی سۆران دابین بكات.
عەبدولڕەزاق مەمەندی چالاكی و دانیشتووی سۆران بە " وشە "ی راگەیاند لە کۆنەوە ئارەزووی زیاتر بۆ خواردن و بەرهەمە شیرییە خۆماڵیەکانە نەک بەرهەمە سپیاتیەکانی بازاڕ کە کەس نازانێ لە کوێ و لهچی دروست کراوە . ئهو دهڵێ بەتایبەت خۆی و خێزانەکەی حەز بە دۆ و ماستی بزن و مەڕ دەکەن, بۆیە بیری لە دروستکردنی مەشکەیەکی بچووک کردەوە و رۆژانە بەکارەبا ئیشی پێ دهكات.
وهك زیاتر خستیهڕوو بۆ دروست کردنی مەشکە ستڵ لە جۆری ستڵی بۆیاغ یان هەر ستڵێک سەری دابخرێت بهكار دههێنرێت و ئەگەر شەفاف بێت باشترە. جگه لهمه واتەرپەمپی موبەریدە له مۆدێل کۆنەکەی دەوێت بۆ تێکەڵکردنی شیری نێو ستڵەکە, بەمە دەتوانرێ لە چوار کیلۆ ماست, بڕی 12 لیتر دۆی لێ بەرهەم بێت، لەگەڵ نزیکهی نیو کیلۆ ڕۆن.
تەنیا بە ئەمپێرێک کارەبا دەتوانرێ کار بکات.
ئەم جۆرە ستڵە دروستكردنی ئاسانه و بێ ئەوەی خەرجی زۆری بوێت یا لە کاتی هەژاندن پێوەی ماندوو بیت, تەنیا بە ئەمپێرێک کارەبا دەتوانرێ کار بکات.
مهمهندی پێی باشه بۆ دروستکردنی دۆ ماستهكهی بۆماوەی سێ تا چوار ڕۆژ لەناو سەلاجە بێ تا نیوە ترش ئەبێ بۆ ئەوەی تامی دۆیەکە خۆشتر بێت.
سۆران \موڕشید برادۆستی