لە عێراق زیاتر لە 300 حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كران

:: PM:08:09:23/05/2020 ‌

لەوكاتەی دەبوایە دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق بەرەو كۆنترۆڵ بچێت، كە لە كاتی گەرمەی بڵاوبوونەوەی پەتاكە لە چەند مانگی رابردوو، ژمارەیەكی ئەوتۆی تووشبوونی تۆمار نەكرد و شارەزایان بە موعجیزەیان لە قەڵەم دا، وا خەریكە پەتاكە، بەتایبەتی لە بەغدای پایەتەخت، لەدەست دەردەچێت، وەزارەتی تەندروستی عێراق تۆماركردنی 308 حاڵەتی تووشبوون و پێنج حاڵەتی نوێی مردنی راگەیاند.
دۆخی بەغدا خەریكە لە كۆنترۆڵ دەردەچێت
وەك لە راپۆرتی رۆژانەی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەمڕۆ شەموو هاتووە، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو لە سەرانسەری عێراق لە تاقیگە تایبەتەكان، 6352 پشكنین ئەنجام دراوە و كە 308 تووشبوونی نوێ تۆمار كراوە، 274ی لە بەغدای پایەتەختە و شەش لە بەسڕە و حەوت لە سلێمانی و شەش لە واست و پێنج لە موسەنا و یەكێك لە هەریەك لە نەجەف و هەولێر و دهۆك و سەڵاحەدین و سێ حاڵەت لە هەریەك لە دیالە و كەربەلا.

بەپێی راپۆرتەكە ژمارەی چاكبوونەوە 53 حاڵەت بووە و مردنیش پێنج حاڵەتی نوێ هەبووە، بەوەیش كۆی ژمارەی تووشبوون تا ئێستە 4272 حاڵەتە و چاكبوونەوەیش 2585 و حاڵەتی مردنیش 152 حاڵەتە، لەوكاتەی دوێنێ تەنیا 87 حاڵەت تۆمار كراوە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل