منداڵێكی ئاواره‌ی یه‌مه‌نی كه به زه‌وق و خۆشیی خۆی چاوێلكه‌یه‌كی له تێلی ئاسنین دروست كرد و له چاوی كرد، له‌مڕۆژانه‌دا فۆتۆگرافه‌رێك وێنه‌یه‌كی ئه‌و منداڵه‌ی به چاوێلكهكهیهوه گرت و له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوی كرده‌وه. بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌یه و به فراوانی، وای كرد چاوێلكهكه بكه‌وێته زیادكردنێكه‌وه و دواتر به پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی بێته فرۆشتن.
پێگه‌ی "ئه‌لعه‌ره‌بیه" ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 24ی ئایار بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ئه‌و وێنه‌یه‌ی منداڵه ئاوارهكهی یه‌مه‌ن كه تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سه‌رقاڵ كردبوو و هه‌زاران لایك و كۆمێنتی بۆ چووبوو، عه‌بدوڵا جهرادیی فۆتۆگرافه‌ر كه وێنه‌كه‌ی گرتبوو، له رێی زیادكردنێكی ئه‌لیكترۆنییه‌وه، توانی چاوێلكهكه به پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی بیفرۆشێت.
پێگه‌كه زیاتر روونی كردووه‌ته‌وه، وێنه‌كه و چاوێلكهكه ئاسایین، به‌ڵام جۆری دروستكردنی چاوێلكه به تێلی ئاسنین، ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ كه منداڵانی یه‌مه‌ن تا چه‌ند له ژیانی ئاسایی منداڵان دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه، بۆیه وێنه‌كه له‌ڕووی مرۆییه‌وه بایه‌خێكی زۆری پێ درا.
پێگه‌كه ئه‌وه‌شی گوتووه، له‌و زیادكردنه ئه‌لیكترۆنییه‌دا چاوێلكهكه به سێ ملیۆن و 50 هه‌زار ریالی یه‌مه‌نی هاته فرۆشتن، ئه‌و پاره‌یه به دۆلار ده‌كاته شه‌ش هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكایی.
جهرادیی فۆتۆگرافه‌ر له‌وباره‌یه‌وه له لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له فه‌یسبووك نووسیویه‌تی، ئه‌ی خه‌ڵكینه ئه‌مه هه‌واڵێكه زۆر دڵخۆشكه‌ره، چاوێلكه‌كه‌ی منداڵه ئاواره یه‌مه‌نییه‌كه، نرخی گه‌یشتووه‌ته سێ ملیۆن و 50 ریالی یه‌مه‌نی، ئه‌مه‌ش بۆ منداڵه ئاواره‌كه ده‌ڕوات.
تا ئێسته دیار نییه كێیه ئه‌و كه‌سه‌ی چاوێلكه ئاسنینه‌كه‌ی كڕیوه و له هه‌واڵه‌كاندا ناوی منداڵه‌كه‌یش نه‌هێنراوه، به‌ڵام فرۆشتنی به‌و نرخه خه‌یاڵییه، تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی پڕ كردووه‌ته‌وه.