هاوشێوه‌ی ته‌واوی ناوچه‌كانی تری كورستان هاووڵاتییانی هه‌ڵه‌بجه به گرنگییه‌وه له گوتاره‌كه‌ی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان ده‌ڕوانن و پێیان وایه ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌كی گرنگه بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی و پێشڤه‌چوونی كوردستان.
كارزان سه‌لام پارێزه‌ری راوێژكار بۆ "وشه" گوتی، سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان به ڕاشكاوی هۆكاری دروستبوونی ته‌نگژه‌كانی ڕوونكرده‌وه كه ئه‌و كێشانه‌ی بۆ حكوومه‌ته‌كه دروست بووه هی پێشووه و چاككردنی ئاسان نییه.
روونیشی كرده‌وه كه له رابردوو پلانی تۆكمه بۆ ئیداره‌دانی كوردستان نه‌بووه و به لیست خه‌ڵك له‌ژێر ناوی حزب دامه‌زراوه كه ئێسته بارگرانییه‌كه‌ی له‌سه‌ر حكوومه‌ت ده‌رده‌كه‌وێ.
هه‌نگاوه‌كانی مه‌سروور بارزانی بۆ فراوانكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و ئه‌نجامدانی چاكسازی گرنگن
" هه‌نگاوه‌كانی مه‌سروور بارزانی بۆ فراوانكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و ئه‌نجامدانی چاكسازی گرنگن و پێویسته هه‌مووان پشتگیری لێ بكه‌ین" ئه‌و پارێزه‌ره وای گوت.
لای خۆیه‌وه شاد ڕزگار چالاكی مه‌ده‌نی له هه‌ڵه‌بجه, به "وشه"ی گوت, ئومێدی گه‌وره له گوتاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سروور بارزانی به‌دی كراوه كه ئاماده‌نییه له ژێر هیچ گوشارێكدا ده‌ستبه‌رداری پڕۆژه‌ی چاكسازی بێت.
زیاتر گوتی، له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی زۆرباش نراون بۆ رێكخستنه‌وه‌ی داهاتی هه‌موو سێكته‌ره‌كان و ئه‌وه‌شبوو له پێش كۆرۆنا داهاتی ناوخۆ نزیك له سه‌د ملیۆن دۆلار زیادی كرد.
هاوكات ئیمداد تاوه‌گۆزی ڕۆژنامه‌نووس پێی وایه كه گوتاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان له كاتێكی گونجاو بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ره‌وشی كوردستان تاراده‌یه‌ك بێ ئومێدی زۆر لای خه‌ڵك دروست ببوو.
روونیشی كرده‌وه كه له گوتاره‌كه‌دا دووپات كرایه‌وه كه ژیانی خه‌ڵكی لای سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان له پێشینه‌ی هه‌موو كاره‌كانه كه "ئه‌وه جێی بایه‌خه".
ئێواره‌ی ڕۆژی هه‌ینی 22ی ئایار، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و به وردی هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ی خسته‌ڕوو كه له حكومڕانی كوردستان هه‌یه و ئاماژه‌ی به‌وه كرد " چاككردنی چه‌وتییه‌كانی رابردوو كاتی زۆری ده‌وێ" له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئومێدی دایه خه‌ڵكی كوردستان كه ئه‌و ڕه‌وشه تێده‌په‌ڕێ.
هه‌ڵه‌بجه/ عه‌زیز ڕه‌سووڵ