وەزارەتی ناوخۆ كۆمەڵێك بڕیاری نوێ‌ دەردەكات

:: AM:11:34:27/05/2020 ‌

 

بڕیارە پاش چەند سەعاتێكی تر وەزارەتی ناوخۆ كۆمەڵێك بڕیار و ڕێنوێنی نوێ‌ لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ دەربكات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە” کەوتوون، بڕیارە پاش چەند سەعاتێكی تر ئەمڕۆ چوارشەم 27ـی ئایار، وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕیارێكی نوێ‌ دەربكات، بەتایبەت بۆ هاتوچۆی نێوان شارەكان.

سەرقاڵی داڕشتنی هەندێك ڕێنوێنین بۆ چۆنیەتیی خۆپارێزی لە پەتای كۆرۆنا

فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێریش لەكاتی سەردانی بۆ لای حزبەكان بۆ میدیاكان گوتی، وەزارەتی ناوخۆ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و پارێزگارەكان و ئیدارە سەربەخۆكان، سەرقاڵی داڕشتنی هەندێك ڕێنوێنین بۆ چۆنیەتیی خۆپارێزی لە پەتای كۆرۆنا.

پارێزگاری هەولێر گوتی، چەند بازگەیەك لە ناو شارەكان ماون، بوونی ئەو هێزانەش وەك ئامادەسازییەكە بۆ ئەو بڕیارە نوێیانەی وەزارەتی ناوخۆ لە چەند سەعاتی داهاتوودا دەریان دەكات، هەروەها پێویستە بزانرێت هیچ ئەگەرێك نییە بۆ درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ.

بڕیار بوو ئەمڕۆ سیستمی ڕێپێدانی ئەلیكترۆنیش بۆ هاتوچۆ لە نێوان پارێزگاكاندا بكەوێتەوە كار، بەڵام تا ئێستە ئەو سیستمە بەردەست نییە.


 



وشە - رامیار جەواد