لە گفتوگۆكانی عێراق و ئەمەریكا كورد ئامادەبوونی دەبێت

:: PM:06:40:27/05/2020 ‌

وەك بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو گفتوگۆی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریكا بۆ رێككەوتن لەبارەی چەندان پرسی گرنگی تەناهی و ئابووری بەڕێوە بچێت، لەناو پاڵپشتی سوننە و كورد و نەبوونی رەتكردنەوەی شیعەی نزیك لە ئێران، پەرلەمانتارێكی كورد گرنگی رێككەوتنەكە و ئەگەری سازكردنی باس دەكات، دووپاتی كردەوە كە هەنگاوێكی ژیرانەیە لەلایەن ئەمەریكا و سوودی بۆ عێراقیش دەبێت.
كورد لە رێگەی حكوومەتەوە نوێنەرایەتی دەبێت و بیروڕای كورد لەناو ئەو ئەجیندایە شوێنی دەكرێتەوە
سەرەتای ئەمساڵ گۆڕانكاری گەورە لەسەر ئاستی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە ململانێی ئەمەریكا و ئێران و باڵەكانی لە وڵاتانی ناوچەكە رووی دا، ئەمەریكا دوو سەركردەی دیاری ئێران و عێراقی كوشت، قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، هێزەكانی سەر بە ئێران راشكاوانە هێرشیان بردە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا و بۆردمانیان كرد، بۆرمانكردنی راستەوخۆی ئێران بۆ دوو بنكەی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق، بەڵام دواتر هێوربوونەوەی دۆخەكە و شكانەوەی بۆ بەرژەوەندی ئەمەریكا بە وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن محەمەد كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق نزیك لە ئەمەریكا، ئەوانەیش ئاماژە بۆ پاشەكشەی ئێران و گۆڕینی سیاسەتەكانی لە ناوچەكە، لە سایەی ئەو گوشارە گەورەی ئابووری و سزاكانی ئەمەریكا لەسەری هەیە.

دانا محەمەد جەزا، ئەندامی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە وادەی سازكردنی گفتوگۆكان، وەك راگەیەندراوە، لە مانگی حوزەیرانی داهاتووە و گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، ئەمەریكا تیمی گفتوگۆكاری خۆی دیاری كردووە و حكوومەتی عێراقیش هەمان شت دەكات، رەنگە مستەفا كازمی خۆیشی بەشداری بكات. 

زیاتر گوتی، تا ئێستە باسی ئەوە نەكراوە بەشداریكردنی كورد لەو شاند و گفتوگۆیانە چۆن و چی دەبێت، چونكە گفتوگۆكان لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و ئەمەریكایە، بۆ هاوئاهەنگی بوارەكانی تەناهی و ئابووری لە نێوان هەردوولادا، بەڵام بێگومان دەبێت كورد بۆچوون و بەشداری لەو بارەوە هەبێت.

جەزا روونی كردەوە، ئەگەر وەزارەتی دەرەوە یەكلا بووەوە، وەزیری دەرەوەی عێراق كە كوردە، ئاگەداری هەموو وردەكارییەكان و بڕگە سەرەكییەكانی گفتوگۆكە دەبێت، ئەگەرنا دڵنیاین، كورد لە رێگەی حكوومەتەوە نوێنەرایەتی دەبێت و بیروڕای كورد لەناو ئەو ئەجیندایە شوێنی دەكرێتەوە، ئەو گفتوگۆیە پێوەندی بە هەردوولایەنی ئابووری و تەناهی تەواوی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە هەیە، كاتێك ئەمەریكا دەیەوێ میكانیزمی مامەڵەكردنی لەگەڵ عێراق لە هێزێكی داگیركەرەوە كە ئاسمانی و خاكی عێراق سەربەخۆیانە بەكاربێنێت، ستراتیجیەتێكی زیرەكانەیان گرتووەتە بەر و دەیانەوێ رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ عێراق لە بوارەكانی ئابووری و تەناهیدا بكەن، لەو دوو بوارەوە یارمەتی عێراق بدەن و بەیەكەوە كار بكەن، بواریش هەبێت بۆ بووژانەوەی ژێرخانی عێراق لەرێی كۆمپانیاكانی ئەمەریكاوە.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، بێگومان ئەمەریكا ئەوكات وەك هاوەڵێك لەگەڵ عێراق مامەڵە دەكات لەسەر بنەمای رێككەوتنی نوێی نێوانیان، زۆرینەی لایەنە شیعەكانی توندڕۆ و نەیار بۆ بوونی ئەمەریكا لە عێراق، تا رادەیەك قبووڵی گفتوگۆكانیان كردووە كە ئەمەریكا لە پێگەی داگیركەرەوە بچێتە پێگەی هاوەڵ و دۆست، بۆیە قبووڵی گۆڕینی ناونیشانەكە دەكەن و ئەمەریكایش زیرەكانە ئەو كارە دەكات، پێشبینی دەكەین ئەگەر بە ئەنجام بگات، كاریگەرییەكی گەورەی ئەرێنی بۆ سەر دۆخی عێراق و ناوچەكە هەبێت.


لەبارەی بەشداریكردنی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كە شیعەكان بە لایەنگری ئەمەریكا تۆمەتباری دەكەن لەو گفتوگۆیانە، جەزا روونی كردەوە، ئەگەری هەیە بەشداری بكات، بە پێی زانیارییەكان و ئەوەیشی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی پێشوو باسی كرد، لایەنە نزیكەكان لە ئێران قبووڵ گفتوگۆكان دەكەن، واتە ئەمەریكا لەبری ئەوەی وەك داگیركارێك لە عێراق لە گرووپەكان بدات، ببێت بە هاوەڵێك و لە بواری تەناهیدا هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا هەبێت و لە رووی ئابووریشەوە پاڵپشتی عێراق بێت، بۆیە بەمدووایە محەمەد غەبان، سەرۆكی فراكسیۆنی "فەتح"، دەڵێت، چاوەڕوانین بزانین ئەمەریكا چی دەكات، ئەوەیش كردنەوەی دەرگایە بەرووی گفتوگۆكان، لەلایەكی تر گومانە بەوەی رەنگە ئەمەریكا نەتوانێت.

لەوكاتەی جەزا پێی وایە ئەگەر بەو ئاراستەیە بێت، ئەمەریكا زیرەكانە هاتووەتە پێشەوە، كە لە عێراق بوون و كاریگەریشی هەبێت و پێوەندییەكانی لەگەڵ لایەنە توندڕۆكانی عێراق هێور بكاتەوە، دێڤید شینكەر، یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە مانگی نیسانی رابردوو ئاشكرای كرد كە واشنتن بەردەوامە لە ئامادەسازی بۆ گەڕێكی نوێی گفتوگۆی ستراتیجی لەگەڵ عێراق. 

زیاتر گوتی، ئیدارەی سەرۆك ترەمپ، بەردەوامە لە ئامادەسازی بۆ ئەو گفتوگۆیە لەگەڵ عێراق كە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوە وادەی لە ناوەڕاستی حوزەیرانی داهاتوو دیاری كرد، بۆیە شاندی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی دێڤید هیڵ و ئەندامیەتی چەند وەزارەتێك دەبێت، لەوانە گەنجینە و بەرگری و هیتریش، بۆیە ئەگەر بەغدا هاوبەشییەكی ستراتیجی لەگەڵ ئەمەریكا بوێت، پێویستە چەند هەنگاوێك باوێت، لەوانە پاراستنی هێزەكانی ئەمەریكا. 

لای خۆیەوە عەباس سرووت، پەرلەمانتاری عێراق لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری گوتی، گفتوگۆكانی نێوان بەغدا و واشنتن لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی داهاتوو، سوودی گەورەی بۆ عێراق هەیە، بەتایبەتی لە سایەی بوونی رێككەوتنێكی ستراتیجی تەناهی و پێوەست بە بابەتی سەربازی، هەروەها عێراق بە بەهای چەندان ملیار دۆلار چەكی پێشكەوتووی لە ئەمەریكا كڕییە و پێویستی بە مەشق و چاككردنەوە هەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل