یەكەم پێشانگەی دوای كەرەنتینە كرایەوە

:: PM:10:09:28/05/2020 ‌

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، سەرانسەری دنیا و هەرێمی كوردستانیش بە دۆخێكی نائاسایی تێپەڕ بوون، ئێستەیش كە دۆخەكە تا رادەیەك هێور بووەتەوە، هونەرمەند تارا محەمەد، كە ماوەی زیاتر لە 35 ساڵە كاری شێوەكاری دەكات، لە نەرویجەوە هاتووەتەوە سلێمانی و پێشانگەیەكی تایبەتی كردەوە.
32 تابلۆ لە سەرجەم بوارە جیاوازەكانی ژیان نمایش كراون
پێشانگەكەی تارا، یەكەم پێشانگەیە كە لە دوای زیاتر لە سێ مانگ لە كەرەنتینەكردن و وەستانی سەرجەم چالاكییە هونەرییەكان، كرابێتەوە و هاووڵاتییان و هونەردۆستانی لە دەوری خۆی كۆ كردبێتەوە.

تارا محەمەد سەبارەت بە پێشانگەكەی بە "وشە"ی گوت، ماوەیەكی زۆرە بەهۆی كۆرۆناوە چالاكییە هونەرییەكان لەناو هۆڵەكان وەستابوو، بۆیە كردنەوەی پێشانگەیەكی تایبەتیم بە گرنگ زانی، لە پێشانگەكەدا 32 تابلۆم نمایش كردووە لە سەرجەم بوارە جیاوازەكانی سروشت و ژن و مێژووی پڕ تراژیدیای كورد و بوارە جیاوازەكانی تریش، كە سروشت لای من، پانتاییەكی فراوانی هەیە و بە چێژەوە كاری تێدا دەكەم.

بۆ كێشانی تابلۆكانی ئەو خانمە شێوەكارە، بۆیەی ئاوی و زەیتی و ئەكریلیكی بەكار هێناوە و دیمەنێكی ناوازەی بە تابلۆكان بەخشیووە، پێشانگەكە سبەیش بەردەوام دەبێت و لە سەعات 10ی بەیانی تا 12ی نیوەڕۆ دەخایەنێت و ئێوارانیش لە سەعات 3 تا 6ی ئێوارە لە مۆزەخانەی سلێمانی بەردەوام كراوە دەبێت و پێشوازی لە هاووڵاتییان دەكات.

شایەنی باسە تارا بەشداری لە 12 پێشانگەی هاوبەشدا كردووە و خاوەنی دوو پێشانگەی تایبەتە و بەهۆی ئەوەی نیشتەجێی نەرویجە، بۆیە زۆربەی كارەكانی لە دەرەوەی كوردستان نمایش كردووە و هەلی ناساندنی كارەكان بە وڵاتان زیاتر بووە.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل