پارتی بەشێك لە یاسای چاكسازی بڵاو دەكاتەوە

:: AM:09:38:30/05/2020 ‌
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان ڕای دەگەیەنێت، بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی هەزاران وەزیر و بریكاری وەزیر مووچەكانیان دەبڕێت.

ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، بە كورت و كرمانجی لەگەڵ خەڵكی كوردستان قسە دەكەین، ئێوە شاهید بن و حوكم بدەن.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەسەر بڕینی مووچە ڕوونی كردووەتەوە، لەو یاسایە هەڵوەشاندنەوەی هەزاران خانەنشینی نایاسایی لە وەزیرەوە بۆ بریكار و خوارتر دەبێت، لەگەڵ رێكخستنەوەی لیستی شەهیدان و كەمئەندامی سەنگەر و زیندانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین لەوانەی شایستە نین.

هیچ هێزێكی سەربازی و حزبی یەكەی ژمێریاری خۆی نامێنێت 
باسی لەوەش كردووە، لە یاساكەدا كار بۆ وەرگرتنەوەی پلەی سەربازی و ئیداری لەوانەی لە دەرەوەی شایستەی خۆیان پلەیان بەرز كراوەتەوە و ڕێگریكردن لە دوو جار سوودمەندبوون لە مووچە كراوە، هەروەها شەش جێ هەبوو فەرمانگەی خانەنشینی بوون و هۆكارێك بوون بۆ گەندەڵی و لیستی ناڕەوای خانەنشینی، ئەوانە هەڵدەوەشێنەوە و خانەنشینی لە یەك فەرمانگەدا كۆ دەبێتەوە. 

ئاشكرای كردووە، پاسەوانی لە كوردستاندا بووبووە هۆكارێكی گەورەی گەندەڵی و نادادی، ئەویش رێكخرایەوە و هیچ هێزێكی سەربازی و حزبی یەكەی ژمێریاری خۆی نامێنێت، دروستكردنی سندووقی خانەنشینی جێگیر كراوە لەگەڵ ڕێكخستنەوە و كەمكردنەوەی مووچەی خانەنشینی پلەباڵاكان.

باسی لەوەش كردووە، لەو یاسایە ژمێرە و حیسابی سەرجەم هێزە سەربازی و تەناهییەكان دەكەونە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی و پشتیوانی هەموو هەنگاوێكی چاكسازین، لە كوێیش گەندەڵی هەبوو قسەی لەسەر دەكەین، هەروەها ئەوە بەشێكی كەمی پڕۆژەكە بوو و كاری گەورەتریشی بەدواوەیە.



وشە - رامیار جەواد