دوای كاركردن بۆ ماوه‌ی حه‌وت ساڵ له بواری بۆن له ئه‌ڵمانیا، كچێكی كورد بیر ده‌كاته‌وه بڕوانامه به‌ده‌ست بینێت له دروستكردنی بۆن و بڕاندێكی بۆنی جیهانی به‌ناوی خۆی به هه‌ستێكی كوردانه بخاته بازاڕه‌كانه‌وه. ژیا له چاوپێكه‌وتنێكی بۆ "وشه" چه‌ندان نهێنی له‌سه‌ر پیشه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات.
به كوالێتی ستانده‌ری جیهانی به‌رهه‌ممان هێناوه
ئه‌مڕۆ شه‌موو 30ی ئایار، ژیا كه‌مال خاوه‌نی بڕاندی بۆنی "ژیا" به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "ساڵانێكی زۆره له بواری بزنس و بۆن و دروستكردنی بۆن كار ده‌كه‌م و خوێندوومه، تا توانیم بڕوانامه‌ی تێدا به‌ده‌ست بهێنم و به شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی و زانستی بتوانم بۆنی تایبه‌ت به‌ناوێكی كوردی بۆ كچان و كوڕانی كورد دروست بكه‌م و بیخه‌مه به‌رده‌ستیان".
زیاتر گوتی، "بۆنهكانم ئێسته خۆیان له 26 جۆری جیاواز له ڕه‌نگ و بۆنی تایبه‌ت ده‌بیننه‌وه، جیاوازی بۆنه‌كانی ئێمه له‌وه‌دایه بۆنه‌كانی ژیا كوردین و ژنێكی كورد دروستیان ده‌كات و به‌رهه‌میان ده‌هێنێت، جگه له‌وه زۆر ته‌ندروست و سروشتین نه‌ك وه‌ك هه‌ندێك بۆن پێست تووشی هه‌ستیاری بکەن و په‌ڵه له‌سه‌ر جلوبه‌رگه‌كان دروست بکەن، به كوالێتی ستانده‌ری جیهانی به‌رهه‌ممان هێناوه".
ڕوونی كرده‌وه، "بیرۆكه‌ی كاره‌كه‌م له‌وه سه‌ری هه‌ڵدا هه‌ستم كرد له بازاڕی جوانكاری له به‌شی بۆن شتێك نییه تایبه‌ت بێت به كورد، هه‌موو بڕانده‌كان جیهانین، بۆیه حه‌زم كرد وه‌ك یه‌كه‌م كچه كورد ئه‌و هه‌نگاوه بنێم و هه‌نگاوی ڕژد ده‌ست پێ بكه‌م".
ئاشكرای كرد، "له ئاینده‌یه‌كی نزیك و باشبوونی دۆخه‌كه له ته‌واوی دنیا، كۆڵێكشنی نوێی چه‌ندان جۆری جیاوازتر له بۆن و ڕه‌نگ ده‌خه‌مه بازاڕه‌وه، خه‌ونم هه‌یه كه به‌زووترین كات كۆمپانیاكه‌م بهێنمه‌وه كوردستان و له‌سه‌ر بۆنهكانم بنووسم له كوردستان دروست كراوه، ئه‌مه بۆ من ئه‌وپه‌ڕی شانازی ده‌بێت و ئه‌وكات زۆر دڵخۆشتر ده‌بم، به‌ڵام هێنانی تاقیگه‌یه‌كی بۆنی جیهانی و كردنه‌وه‌ی كۆمپانیا بودجه‌یه‌كی زۆری ده‌وێت، بۆ ئێسته هه‌نگاوه‌كه قورسه".
خه‌ونم هه‌یه كه به‌زووترین كات كۆمپانیاكه‌م بهێنمه‌وه كوردستان و له‌سه‌ر بۆنهكانم بنووسم له كوردستان دروست كراوه
"بیرم كردووه‌ته‌وه بۆن بۆ منداڵانیش دروست بكه‌م، بۆیه زیاتر كار له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ده‌كه‌م بۆشاییه‌كان له بۆن له‌ناو بازاڕی كوردستان پڕ ده‌كه‌مه‌وه، ده‌مه‌وێت به ژنان و كچانی كورد بڵێم هه‌وڵ بۆ خه‌ونه‌كانیان بده‌ن و نه‌وه‌ستن، هه‌ر هه‌نگاوێك كه ده‌نێن چه‌ند هه‌نگاوی قورس دێته پێشیان، بۆیه نابێت بیر له وه‌ستان و كه‌وتن بكه‌نه‌وه، ژیان و ئایندهی كوردستان بۆ ئێمه‌ی گه‌نجه، بۆیه ده‌بێت هه‌موو توانا‌مان بخه‌ینه گه‌ڕ". ژیا وای گوت.
ژیا كه‌مال خاتوونێكی كوردی شاری سلێمانییه، دانیشتووی ئه‌ڵمانیایه، 17 ساڵه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ژیان به‌ڕێ ده‌كات، به‌شی بزنسی ته‌واو كردووه، خاوه‌نی بڕاندێكی بۆنه به‌ناوی "ژیا"، ئێسته خستوویه‌تییه بازاڕه‌وه و شوێنی تایبه‌تی هه‌یه له بازاڕه‌كانی كوردستان بۆ ساغكردنه‌وه، حه‌وت ساڵه له بواری بۆن كاری كردووه له كۆمپانیایه‌كی ناوداری ئه‌ڵمانی، بڕوانامه‌ی تاقیگه‌ی بۆنی هه‌یه، خۆشه‌ویستی كاره‌كه‌ی وای كرد بیر بكاته‌وه له‌سه‌ر ئه‌و كاره بخوێنێت و هه‌ستی بۆ بۆنه‌كان زیاتر وای كرد بڕانێكی كوردی دروست بكات.