بڕیاری نوێ‌ بۆ دەوامی سبەی فەرمانبەران دەرچوو

:: PM:03:25:30/05/2020 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی ڕای دەگەیەنێت، پێویستە سەرجەم فەرمانگەكانی حكوومەت سیستمی یەك پەنجەرە ڕەچاو بكەن و هاووڵاتییان دەمامك ببەستن لە كاتی سەردانی ئەو شوێنانە.

ئەمڕۆ شەموو 30ـی ئایار، محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"تی ڕاگەیاند، بەپێی ئەو ڕێنوێنییانەی بۆ فەرمانگەكانی حكوومەتمان ناردووە، پێویستە سبەی لە كاتی دەستپێكردنی دەوام رێنوێنییەكان ڕەچاو بكرێن.

دەبێت فەرانبەران و هاووڵاتییان پابەندی بن
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی، سیستمی یەك پەنجەرە كە دانانی كاتی بینین و سەردانە، ڕەچاو دەكرێت و دەبێت فەرانبەران و هاووڵاتییان پابەندی بن.

باسی لەوەش كرد، هەر هاووڵاتییەك سەردانی فەرمانگەیەكی حكوومەت دەكات، دەبێت ڕەچاوی ڕێنوێنییە تەندروستییەكان بكات، ئەویش بریتییە لە بەستنی دەمامك و دەستكێش، بەهەمانشێوە ئەوە بۆ فەرمانبەرانیشە، ئەگەر لە شوێنە گشتییەكان وەك بازاڕەكان بیبەستن، ئەوا خۆیان و منداڵیان پارێزراو دەبن.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" دەوامی فەرمانبەران هاوشێوەی پێش جەژنی ڕەمەزانە و دەوام لە سەعات نۆ بۆ یەكی دوای نیوەڕۆیە بەشێوەی (تەناوب)، هاوكات دەسەڵات دراوەتە هەر وەزیرێك و بەرێوەبەری فەرمانگەكان كە ڕۆژانی پێنجشەم بكەن بە پشوو یان بەپێی پێویستی دەوام بكرێ‌َ.

لە هەرێمی كوردستان 578 كەس تا ئێستە تووشی كۆرۆنا بوون و لەو ڕێژەیە 409 كەس چاك بوونەتەوە و پێنج كەسیش گیانیان لە دەست داوە.




وشە - رامیار جەواد