شارەزایەكی ئابووری: عێراق و هەرێم دەتوانن هاوبەشییەكی ستراتیجی بنیات بنێن

:: PM:10:11:30/05/2020 ‌

یەكێك لە لێكەوتەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا، دروستبوونی تەنگژەی دارایی و ئابوورییە، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن لەوانەیش عێراق، شارەزایەكی دارایی دووپاتی دەكاتەوە كە دەتوانرێت سوود لە باشكردنی پێوەندییەكانی هەرێم و ناوەند وەربگیرێت بۆ رزگاركردنی عێراق لەو تەنگژە داراییەی تێی كەوتووە.
هەرێم خاوەن یەدەگی 45 ملیار بەرمیل نەوتە
د سەفوان قوسەی، شارەزای دارایی لەوبارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، دەتوانین سوود لە رێككەوتنی هەرێم و بەغدا ببینین لە رێگەی لێكگەیشتن و چاكبوونەوە لەگەڵ هەرێم، ئەوەیش لە رێگەی خستنەئەستۆی بەغدای ئەو پارەی هەرێم لە دامەزراوە نەوتییەكان خەرجی كردووە و حسێبكردنی وەك قەرز لەسەر حكوومەتی عێراق، بەرانبەر بەوەی هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بە حكوومەتی عێراق بدات.

زیاتر گوتی، هەروەها سەبارەت بە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكانیش، دەتوانرێت رێككەوتن لە نێوان هەردوولادا بكرێت، لەپێناو سوودوەرگرتن لێیان لەو گفتوگۆیانەی ئێستە هەیە و رۆیشتن بە ئاراستەیەكی باشتر، هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق و خاوەن یەدەگێكی دووپاتكراوەیە بە 45 ملیار بەرمیل نەوت، جیا لەوە خاوەن پێگەیەكی جوگرافی زۆر باشی هەیە، بەوەی كەوتووەتە سەر خاڵی بەیەكگەیاندنی داهاتووە لە نێوان رێگەی ئاوریشم و یەكێتی ئەوروپا.

قوسەی روونی كردەوە، پرۆسەی بیركردنەوەی ستراتجی لە هەرێم كرنكە، نابێت پێوەندییەكانی بەغدا و هەرێم لەسەر بنەمای چەند جیاوازییەك لە داهات لێرە و لەوێ بنیات بنرێت، بەڵكو پێویستە ئەو هاوبەشییە ستراتیجییە ئەكتیڤ بكرێت، بە دیدێكی هاوبەشانە، بە شێوەیەك مافی هەمووان مسۆگەربێت و بە شێوەیەكی دیودەرانە، بۆ نەهێشتنی ئەو حاڵەتە گومانەی هەیە كە زیان بە پێوەندییەكانیان دەگەیەنێت.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل