پەرلەمانتارێك: هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا

:: PM:07:43:31/05/2020 ‌

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا تەواوی وڵاتانی دنیا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، رووبەڕووی تەنگژەی سەختی دارایی و ئابووری هاتنەوە، لەوانەیش عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەو تەنگژە كاریگەری زۆری كردە سەر هەرێم، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و وەستانی داهاتی ناوخۆیی، بۆیە پێویستە هەرێم لەگەڵ بەغدا بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران رێكبەكەوێت، پەرلەمانتارێكی كورد دووپات لە پێویستی رێككەوتنی هەردوولا دەكاتەوە. 
تا ئێستە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق لە وەزارەتی داراییە
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق تا ئێستە لە وەزارەتی داراییە و وەك لیژنەكەیان داوایان لێ نەكراوە بۆ دانیشتن و باسكردنی ئەو بابەتە، ئێمە داوامان كردووە لەگەڵ وەزیری دارایی لەوبارەوە كۆببینەوە، بۆیە چاوەڕوانی ئەو دەكەین.

زیاتر گوتی، پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق تا ئێستە لە وەزارەتی داراییە و دیار نییە كەی دەگاتە پەرلەمان، سەبارەت بە گفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا روونی كردەوە، بەم دواییە وەزارەتی دارایی عێراق دەستپێشخەرییەكی هەبوو بە رەوانەكردنی 400 ملیار دینار، بەوەی تا مانگێك هەردوو حكوومەت بگەن بە رێككەوتن.

كۆچەر دووپاتی كردەوە كە بژارەكانی بەردەم هەرێم بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا زۆر نین و دەبێت لەگەڵ بەغدا رێككەوتن بكرێت، پێم وایە هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، هەرچی كازمی و بەغدایە، بابەتەكە تەنیا بەدەستی كازمییەوە نییە، لەوێ پەرلەمان و هێزە سیاسییەكان و شەقام هەن. 

ئەمڕۆ نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری دارایی عێراق كە بەهۆی رەوانەكردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێم دووچاری رەخنە هاتەوە، دووپاتی كردەوە كە ئەو بڕە پارەیە لە چوارچێوەی حیسابی حكوومەتی هەرێم بۆ دانی خەرجییەكانی هەرێم حسێب كراوە، لەوانەیش مووچەی فەرمانبەرانی بۆ مانگی نیسانی رابردوو.

زیاتر هاتووە، ئەوەیش بەپێی رێككەوتن لەگەڵ هەرێم بە چڕكردنەوەی كۆبوونەوەكان لە نێوان هەردوولا لە مانگی حوزەیران و یەكلاكردنەوەی تەواوەتی كێشەكانی هەردوولا لەسەر بنەمای یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵی، بەیاننامەكە دووپاتی كردەوە كە چیتر فەرمانی خەرجكردنی هاوشێوە دەرناچێت ئەگەر لەو ماوەیەدا نەگەن بە رێككەوتنی كۆتایی و جێبەجێكردنی تەواوی ئەوەی لەسەری رێككەوتوون.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل