به‌هۆی زیادبوونی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا، داوای به‌په‌له ته‌واوكردن و جێبه‌جێكردنی نه‌خۆشخانه‌ی كۆرۆنا له شارۆكه‌ی پێنجوێن ده‌كرێت و قائیمقامی شارۆكه‌كه‌یش ده‌ڵێ، وه‌ك پێویست ناتوانین رێكاره‌كانی خۆپارێزی جێبه‌جێ بكه‌ین.
كاروان یوسف دانیشتووی شارۆكه‌ی پێنجوێنه و به "وشه"ی راگه‌یاند، هه‌ر له سه‌ره‌تاكانی سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی ته‌ندروستی له سنووره‌كه‌ماندا، له‌لایه‌ن چه‌ند سه‌رمایه‌دارێكی پێنجوێنیه‌وه بڕیاری دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی تایبه‌ت به‌كۆرۆنا درا و كاركردن تیایدا له مانگی ئاداری رابردووی ئه‌مساڵه‌وه ده‌ستی پێ كرد.
ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو، تا ئێسته كه ڤایرۆسه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی چڕتر و بڵاوتر له سنووره‌كه‌ماندا هه‌یه، زۆر پێویسته ئه‌و نه‌خۆشخانه و هه‌ر شوێنێكی تر، كه بۆ له‌خۆگرتن و چاره‌سه‌ركردنی تووشبووان بێت، به‌زوویی ته‌واو بكرێت.
هاوكات ئه‌نه‌س ئه‌مین، ئه‌ندازیاری پڕۆژه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی كۆرۆنا له پێنجوێن بۆ "وشه" گوتی، له مانگی ئاداری رابردوه‌وه، له‌لایه‌ن به‌شێك له‌خێرخوازان بڕیاری دروستكردن و جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی كۆرۆنا له‌سنووره‌كه‌ماندا درا و پێكهاته‌ی پڕۆژه‌كه‌ی ئێمه جیاوازه له نه‌خۆشخانه‌كانی تر، له‌به‌ر ئه‌وه پێویستی به ماوه‌ی زیاتر و به‌درێژایی رۆژ و شه‌و كاری تێدا كراوه.
زیاتر گوتی، ماوه‌ی 60 رۆژی كاركردنمان بۆ دانا بوو، له‌رۆژی ده‌ست به‌كاربوونه‌وه تا ئێسته 57 رۆژه و كاره‌كانی به‌كوالێتی و ئه‌ندازه‌یی كراوه و هه‌ندێك كاری ورده‌كاری ماوه و ئاماده ده‌بێت بۆ به‌كارهێنان.
به‌پێى زانیارییه‌كانى "وشه" زیاتر له 10 پشكنین بۆ خەڵکی ناوچەکە ئه‌نجام دراون و چاوه‌ڕێى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كان ده‌كرێت
لایخۆشیه‌وه زانا ره‌حمان قائیمقامی شارۆكه‌ی پێنجوێن بۆ "وشه" ئاشكرای كرد، له‌م چه‌ند رۆژه‌دا په‌تایه‌ك له‌ناو پێنجوێندا بڵاو بووه‌ته‌وه و به‌شێك له هاووڵاتییان تووشی بوون، كه‌یسی كۆرۆنایش له‌ناو پێنجوێندا تۆماركراوه و چه‌ند كه‌یسێكی تریشمان هه‌یه كه له‌پشكنینی یه‌كه‌مدا وا ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بن.
روونیشی كرده‌وه، وه‌ك ئیداره چیمان له‌توانادابێت ده‌یكه‌ین بۆ پێش‌گرتن له بڵاو بوونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسه‌كه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌مانی متمانه‌ی به‌شێك له خه‌ڵك به حكوومه‌ت و بوونی بارودۆخی سه‌ختی ژیانی هاووڵاتییان له‌رووی ئابوورییه‌وه و سه‌رقاڵ بوونی به‌شێك له هاووڵاتییان به كاری كشتوكاڵكردنه‌وه له سنووره‌كه‌دا وه‌ك پێویست ناتوانین ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی جێبه‌جێ بكه‌ین.
هاوكات به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی تایبه‌ت دراونه‌ته "وشه"، جگه له‌و دوو حاڵه‌تی تووش بوونه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه له‌ماوه‌ی رابردوودا راگه‌یاندرا، زیاترله 10 كه‌سی تری دانیشتووی سنووره‌كه پشكنینیان بۆ كراوه و چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانیان ده‌كرێت.
شارۆكه‌ی پێنجوێن نزیكه‌ی 96 كیلۆمه‌تر له‌شاری سلێمانیه‌وه دووره و به‌هۆی هاوسنووری له‌گه‌ڵ وڵاتی ئێران و بوونی شۆفێرانی ئێرانی له‌سنووره‌كه‌دا، له‌م ماوه‌یه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بڵابوونه‌وه‌ی كۆرۆنا بۆته جێگه‌ی مشت‌ومڕ و مه‌ترسی لای دانیشتووانه‌كه‌ی.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی