دوای 70 رۆژ بەهای نەوت گەیشتەوە سەرووی 38 دۆلار

:: AM:09:42:01/06/2020 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و لەگەڵ دەستپێكردنی هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆرسە كەمێك لە بەهای نەوت هەڵكشا.

بەگوێرەی dailyfx ئەمڕۆ دووشەم، لە چەند سەعاتی یەكەمی هەفتەبازاڕی بۆرسە كەمێك لە بەهای نەوت هەڵكشاوە و بۆ یەكەم جار لە ماوەی 70 رۆژی رابردوو سەرووی 38 دۆلاری تۆمار كرد.

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە كاتێكدا رووی لە بەرزبوونەوە كردووە كە هەفتەی رابردوو پێنجەم هەفتەی لە هەڵكشانی نرخی تۆمار كرد.

كۆتایی هەفتەكە هەر بەرمیلێك نەوت بە 37 دۆلار و 64 سەنت داخرابوو، بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكە گەیشتە 38 دۆلار و 40 سەنت، هەرچەندە دواتر لە 38 دۆلار جێگیر بوو.
بەهای نەوت لە مانگی نیساندا بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی دابەزیبوو.


هاوكات نرخی نەوتی تێكساسیش كە هەفتەی رابردوو  بە 35 دۆلار و 19 سەنت داخرابوو، ئێستە لە سەرووی 35 دۆلار و 50 سەنت دەفرۆشرێت.

نرخی نەوت لە كاتێكدا رووی لە بەرزبوونەوە كردووە كە لە مانگی نیساندا نزمترین ئاستی مێژوویی تۆمار كرد. نەوتی ئەمەریكا بۆ سفر دابەزی و فرۆشیاران لە بری فرۆشتنی نەوتەكەیان، بڕێك پارەشیان بە كڕیار دەدا. هاوكات نەوتی برێنتیش بۆ خوارووی 16 دۆلار دابەزیبوو.

رێككەوتنی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت كە ئەمەریكا و رووسیا و سعوودیە رۆڵیان تێیدا هەبوو، هۆكار بوو لەوەی نرخەكە بەرز ببێتەوە، چونكە بڕیاریان دا بە رێژەیەكی بەرچاو بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە و رێككەوتنەكەش لە سەرەتای ئایارەوە جێبەجێ كراوە، بۆیەش لەم مانگەدا بەهای نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشا.






وشە - سلێمان تاشان