داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق زیادی كردووە

:: PM:04:09:01/06/2020 ‌

دوای ئەوەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەواوی وڵاتانی دنیا تووشی تەنگژەیەكی سەختی دارایی و ئابووری هاتنەوە، بەهۆی وەستانی كارگە و هاتوچۆ و دابەزینی نرخی نەوتەوە، ئابووری عێراق كە پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، تووشی كێشە هاتەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری داهات و هەناردنی نەوتی مانگی ئایاری رابردووی راگەیاند.
هەناردنی رۆژانەی نەوتی كەركووك 114 هەزار بەرمیل بووە
وەك لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی نەوتی عێراق هاتووە كە ئەمڕۆ دووشەم بڵاو كراوەتەوە، داهاتی مانگی ئایاری نەوتی عێراق زیاتر لە دوو ملیار دۆلار بووە و قەبارەی هەناردنی نەوت  3.212 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بووە، ئەوەیش بە بەراورد بە مانگی نیسان زیادی كردووە، كە قەبارەی داهاتەكە نزیكەی 1.5 ملیار دۆلار بووە بە فرۆشتنی 3.438 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەوەیش دوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. 

وەك لە بەیاننامەی وەزارەتی نەوتی عێراق هاتووە، بە پێی ئاماری سەرەتایی كۆمپانیای سۆمۆ، قەبارەی هەناردنی نەوتی عێراق لەو مانگە 99 ملیۆن و 585 هەزار و 283 بەرمیل نەوتی خاو بووە و داهاتەكەیشی دوو ملیار و 91 ملیۆن 811 هەزار دۆلار بووە، عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رای گەیاند، قەبارەی نەوتی هەناردەكراو لە كێڵگەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق گەیشتووەتە 96 ملیۆن و 39 هەزار و 852 بەرمیل، ئەوەیشی لە كیڵگەكانی كەركووك بەرەو بەندەری جیهانی توركیا هەناردە كراوە، سێ ملیۆن و 545 هەزار و 431 بەرمیل بووە. 

زیاتر گوتی، تێكڕای رۆژانەی هەناردن گەیشتووەتە 3 ملیۆن و 212 هەزار بەرمیل، كە 114 هەزار بەرمیلی لە بەندەری جەیهان بووە، تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لەو مانگەدا 21.005 دۆلار بووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل