محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریفى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران راى گه‌یاند، سیرۆس ئه‌سغه‌رى كه زانایه‌كى ئێرانییه و له ئه‌مه‌ریكا گیرابوو، ئازاد كراوه و بۆ ئێران به‌ڕێ كه‌وتووه.
ئاژانسى
فڕانس پرێس ئه‌مڕۆ سێشه‌م دووى حوزه‌یران، لێداونه‌كه‌ى جه‌واد زه‌ریفى بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا هاتووه، ئەو فڕۆكه‌یەی ئه‌سغه‌ڕیی تێدا بووە له ئه‌مه‌ریكاوه فڕیوه و به‌ره‌و ئێران كه‌وتووه‌ته رێ.
به تۆمه‌تى دزینى نهێنى پیشه‌سازى گیرا بوو
زه‌ریف له ئینستاگرام هه‌واڵه‌كه‌ى ئاشكرا كردووه و پیرۆزبایى له خێزانه‌كه‌ى ئه‌سغه‌ڕى كردووه.
ئه‌سغه‌ڕى پێشتر له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا به تۆمه‌تى دزینى نهێنى پیشه‌سازى گیرابوو، هه‌ر چه‌نده له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌ته ئازاد كرابوو، به‌ڵام به‌هۆى پێشیلكردنى یاساى كۆچى ئه‌مه‌ریكا له گرتووخانه مابووه‌وه.
فڕانس پرێس نووسیویه‌تى ئێران و ئه‌مه‌ریكا ژماره‌یه‌ك زۆر هاووڵاتیی یه‌كتریان گرتووه و له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنایش له‌م دوو وڵاته، داوایان له‌یه‌كتر كردووه گیراوه‌كان ئازاد بكه‌ن.
له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنى كۆمارى ئێران، پێوه‌ندییه‌كى دوژمنایه‌تى توند له نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران هه‌یه، ئه‌مساڵیش به‌هۆى چه‌ند رووداوێكه‌وه به‌ریه‌كه‌وتنى هێز له نێوان ئه‌م دوو وڵاته رووى دا.