لە عەلوەی سلێمانی 30 كیلۆ خەیار بە هەزار و 500 دینارە

:: AM:11:46:02/06/2020 ‌
ساڵانە لە وەرزی گەرماو هاتنی هاوین، بەرهەمی جووتیاران بەتایبەتی خەیار، لە بازاڕەكاندا ساغ نابێتەوە و پارە ناكات، جووتیارانیش باس لەوە دەكەن خاوەن عەلوەكان دۆخێكی خراپیان دروست كردووە و ئەوانیان ئیستیغلال كردووە، بۆیە بەرهەمیان پارە ناكات، بەرپرسێكی كشتوكاڵیش دەڵێت، خستنەڕوویەكی زۆر هەیە كە زیاتر لە سێ هێندەی خواستی رۆژانەی هاووڵاتییانە، بۆیە نرخ دابەزیوە.
لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 18 هەزار خانووی پلاستیكیان هەیە كە بەشی زۆریان خەیار بەرهەم دەهێنن

لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە هەزاران جووتیار زیاتر لە 18 هەزار خانووی پلاستیكیان هەیە كە بەشی زۆریان خەیار بەرهەم دەهێنن، بەڵام لەگەڵ تەواوبوونی وەرزی بەهار و هاتنی هاوین، بەرهەمی جووتیارەكان لە بازاڕدا پارە ناكات، بە جۆرێك یەك كیلۆ خەیار ئێستە لە عەلوە لە نێوان 50 و هەندێك جار بۆ 100 دینار دەبێت، جووتیارێكیش بازرگانان و خاوەن نووسینگەكانی عەلوە بە هۆكار دەزانێت و دەڵێت خۆیان لەگەڵ بازرگانانی بەغدا و شارەكانی عێراق رێككەوتون و جووتیاری ئێرەش تەنیا زیان دەكات.

ڕزگار خدر جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەرهەمی ئەوان بەرهەمی وەرزییە، جووتیاران لە ساڵەكەدا یەك جۆر بەرهەم دەهێنن ئەویش زیاتر خەیارە، كە ئێستە زیاتر 60%ی خانووە پلاستیكییەكان بەرهەمیان خەیارە، هەمووشیان لە یەك كاتدا بەرهەم دەخەنە بازاڕەوە، بەهۆیەوە بەرهەم لە خواست زیاترە و نرخەكەی دادەبەزێنێت و تەنانەت ناگاتە پارەی تێچووەكەش.

وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ هەر كیلۆیەك خەیاری هاوردە بڕی 600 دینار باجی خستووەتەسەر
بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە سەرەتای پێگەیشتنی خەیار، نرخەكەی باشە و جووتیار قازانج دەكات، وەزارەتی كشتوكاڵیش بۆ هەر كیلۆیەك خەیاری هاوردە بڕی 600 دینار باجی خستووەتەسەر كە لەبەر بەرهەمی ناوخۆیە، چەند رۆژی داهاتوو تەماتە پێ دەگات و ئەویش بۆ یەك كیلۆی هاوردە بڕی 600 دینار باجی دەخرێتەسەر.

"ڕۆژانە زیاتر لە 350 تۆن خەیار بۆ عەلوە دەچێت بەدەر لەو بڕەی لە دەرەوەی عەلوە دەفرۆشرێت، لە كاتێكدا پێویستی ڕۆژانەی سلێمانی 150 تۆنە و پێویستە بەرهەمی جووتیاران ڕێك بخرێتەوە بە پلانێك و خانووە پلاستیكەكان دابەش بكرێن، بەپێی پێویستی بازاڕ بەرهەم بخەنە بازاڕەوە". رزگار خدر وای گوت.

ئەو لەبارەی ئیستیغلالكردنی جووتیاران لەلایەن بازرگانانی عەلوە روونی كردەوە، ئەوە لە دەرەوەی كاری كشتوكاڵ و حكوومەت دەكرێت، تەنیا رێككەوتنێكی جووتیار و بازرگانە و خۆیان ئەو كارە دەكەن.

لەلایەكی ترەوە عەبدولوەهاب عەبدولڕەحمان جووتیار و خاوەنی خانووی پلاستیكی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هۆكاری سەرەكی ئەوەی بەرهەمی جووتیاران پارە ناكات تەنیا عەلوەی سلێمانی و بازرگانەكانی عەلوەن، عەلوە و بازرگانەكان لەگەڵ عەلوەی بەغدا ڕێككەوتن هەیە لە نێوانیان، عەلوەی سلێمانی بە خاوەن عەلوەی بەغدا دەڵێت بە چەند خەیارت بۆ بنێرم، لە بەغدا كیلۆی 750 دینار دەكات، بەڵام عەلوەی سلێمانی چونكە نرخەكە لە دەست خۆیاندایە و جووتیارانیان ئیستغلال كردووە، خەیارەكە بە 50 بۆ 100 دینار بۆ یەك كیلۆ لە جووتیاری وەردەگرن.

عەلوەی سلێمانی رێگرە لەوەی جووتیاران قازانج بکەن
جگەلەمە وەك خستیەڕوو ڕێیش نادەن لە دەرەوەی عەلوە بارهەڵگرە عێراقییەكان خەیار بار بكەن، ئەگەرنا بە دڵنیاییەوە ئەگەر لە شوێنێكی وەك ناوچەی بازیان كە زۆرترین خانووی پلاستیكی تێدایە، گۆڕەپانێك بكرێتەوە و بارهەڵگرە عێراقییەكان بێنە ئەوێ خەیار بكڕن یەك جووتیار زیانمەند نابێت و بگرە قازانج دەكەن، بەڵام عەلوەی سلێمانی دەزانێت بەو شێوازە قازانج ناكەن و لە قازانجیان نییە ڕێ بەوە نادەن و دەیانەوێت هەموی لەژێر دەستی خۆیان بێت.

یەك خانووی پلاستیكی كە پانتایی 50 مەتر بە نۆ مەتر دەبێت، بۆ ئەوەی خەیاری تێدا بچێنرێت، لە سەرەتاوە تا خستنە بازاڕی نزیكەی چوار ملیۆن دینار خەرجی دەبێت، ئەگەر ئەو خەیارە لە بازاڕدا كیلۆی 200 دینار كەمتر بكات جووتیارەكە حەقی تێچووەكە دەرناهێنێتەوە و زیان دەكات.

رێوشوێنەكانی قەدەغەی هاتوچۆ و كەرەنتینیش هێندەی تر بازاڕەكانی ئەوانی سست كردووە
لەگەڵ ئەم دۆخەی بەسەرجووتیاران هاتووە، رێوشوێنەكانی قەدەغەی هاتوچۆ و كەرەنتینیش هێندەی تر بازاڕەكانی ئەوانی سست كردووە، بۆیەش زیانەكانیان زیاتر دەبێت.

"هەندێك لە جووتیارەكان بەهۆی ئەوەی پارەیان بە دەستەوە نییە بۆ پێگەیاندنی بەرهەمەكەیان، قەرز لە بازرگانێك وەردەگرێت، بۆ ئەوەی بەرهەمەكە پێ بگەیەنێت و بیخاتە بازاڕەوە، دواتر بۆ ئەوەی قەرزەكەی پاك بكاتەوە، خەیارەكە دەباتەوە بۆ ئەو بازرگانەی كە قەرزەكەی پێ داوە، بازرگانەكەش بە ویستی خۆی نرخ دیاری دەكات و جووتیارەكەش ناچارە بە هەرزانترین نرخ خەیارەكەی بفرۆشێت تا قەرزەكەی لەسەر نەمێنێت". عەبدولوەهاب وای گوت.

هیچ پلان و ڕێكخستنێك نییە لە نێوان خاوەن خانووە پلاستیكییەكان و هەموویان بە جارێك بەرهەمەكەیان دەخەنە بازاڕەوە.
كاسترۆ مەعرووف سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەشێك لەو زیانەی كە بەر جووتیاران و خاوەن خانووە پلاستیكییەكان دەكەوێت بەهۆی ساغ نەبوونەوە یان پارە نەكردنی بەرهەمەكانیان پێوەندی بە جووتیاران هەیە، چونكە هیچ پلان و ڕێكخستنێك نییە لە نێوان خاوەن خانووە پلاستیكییەكان و هەموویان بە جارێك بەرهەمەكەیان دەخەنە بازاڕەوە.

بەگوتەی بەرپرسەكەی كشتوكاڵ و سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، كاتێك بەرهەم زیاتر بوو لە خواست، ئەوكات بەرهەمەكە پارە ناكات و سەرئەنجام زیانی زۆر دەكەن، هۆكارێكی تر ئەوەیە جووتیاران زیاتر گرنگیان بە بەرهەمهێنانی خەیار داوە.

وشە/ سلێمانی. هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان