ئاژانسى
رۆیته‌رز ئه‌مڕۆ له راپۆرتێكدا باس له چۆنیه‌تیى ناشتنى مردووانى كۆرۆنا له عێراق ده‌كات و تیمى فریاگوزاری كه مردووه‌كان ده‌نێژن، ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ژماره‌ى قوربانیانى كۆرۆنا زیاتر بێت، ئه‌وا ناتوانن به‌گوێره‌ى رێوڕه‌سمه ئاینییه‌كان مردووه‌كان بنێژن.
سه‌رمه‌د ئیبراهیم فریاگوزارێكى عێراقییه، له كاتى چاره‌سه‌ركردنى چه‌كداره شیعه‌كان له جه‌نگى دژ به داعش ئه‌زموونى وه‌رگرتووه، به‌ڵام ئێسته قوربانیانى كۆڤید-19 ده‌نێژێ، ئه‌مه‌یش ئه‌ركێكى بێزاركه‌ره چونكه ده‌بێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رێوڕه‌سمى ناشتنى مردووه ئیسلامى و مه‌سیحییه‌كان بكات.
خۆبه‌خشێك: ناچار ده‌بین مردووه‌كان بێ رێوڕه‌سمى ئاینى بنێژین
سه‌رمه‌د ئیبراهیم خۆبه‌خشه له كه‌تیبه‌یه‌كى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى به‌ناوى كه‌تیبه‌ى ئیمام عه‌لى، ئه‌و كاته‌ى قسه بۆ رۆیته‌رز ده‌كات، خۆى بۆ ته‌رمێك ئاماده ده‌كات كه تازه له به‌غداوه گه‌یشتووه. سه‌رمه‌د ده‌ڵێ، "تا ئێسته مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌رمى زیاترمان بۆ بێت، ئه‌وا ناچارین به رێسا ئاینییه‌كان ته‌رمه‌كان نه‌نێژین".
ئه‌و فریاگوزاره له‌گه‌ڵ تیمێكى تر له گۆڕستانێكى نوێى نه‌جه‌ف كار ده‌كات كه ئه‌و شاره به لای شیعه‌كانى عێراقه‌وه پیرۆزه، ئه‌مه تاكه گۆڕستانه كه تایبه‌ت كراوه بۆ ناشتنى ئه‌و كه‌سانه‌ى به ڤایرۆسى كۆرۆنا ده‌مرن.
گۆڕستانه‌كه به بڕیارێكى عه‌لى سیستانى مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه له عێراق دروست بووه، هه‌رچه‌نده گۆڕستانه‌كه به به‌راورد له‌گه‌ڵ گۆڕستانى وادى سه‌لام زۆر بچووكه، كه ئه‌وه‌یان به گه‌وره‌ترین گۆڕستانى دنیا داده‌نرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گۆڕستانه نوێیه‌كه به‌ره‌به‌ره زیاد ده‌بێت.
له‌وه‌ته‌ى له مانگى شوباتى رابردوو ڤایرۆسى كۆرۆنا له عێراق ده‌ركه‌وتووه، تا ئێسته 200 كه‌س به په‌تاكه مردوون، فریاگوزاره خۆبه‌خشه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن، رۆژانه پێشوازى له دوو ته‌رم تا چوار ته‌رم ده‌كه‌ن. به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق، ژماره‌ى تووشبووانى كۆرۆنا له ماوه‌ى كه‌متر له دوو هه‌فته‌ى رابردوودا دوو هێنده بووه و له سێ هه‌زار كه‌سه‌وه بووه به شه‌ش هه‌زار كه‌س.
سه‌رمه‌د ئیبراهیم و هاوڕێكانى چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر چوونه ریزى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى رێكخراوى تیرۆریستى داعش، هه‌رچه‌نده ئه‌وكات دوژمنه‌كه زۆر جیاواز بوو، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ى ئیسته‌یان وا ده‌كات له‌ڕووى جه‌سته‌یى و ده‌روونییه‌وه هه‌ست به شه‌كه‌تییه‌كى زۆر بكه‌ن.
هه‌میشه ته‌رمه‌كان شه‌و ده‌گه‌ن، خۆبه‌خشه‌كان جلوبه‌رگى تایبه‌ت ده‌پۆشن، كارى شووشتن و كفنكردنى ته‌رمه‌كان ده‌كه‌ن به‌ر له‌وه‌ى بیانگێڕنه‌وه ناو تابووته‌كان، دواتریش تابووته‌كان هه‌ڵده‌گرن و له ژێر رووناكى لایتى ئۆتۆمبێله‌كان ده‌یاننێژن.
تیمه‌كه له 12 كه‌س پێكهاتووه و ئاماده‌یه ژماره‌ى ئه‌ندامه‌كانى زیاتر بكات، هه‌ندێك له ئه‌ندامانى تیمه‌كه ده‌ڵێن مه‌ترسى تووشبوون به ڤایرۆسى كۆرۆنا وایكردووه ئه‌ندامانى خێزان و دراوسێكانیان لێیان دوور بكه‌ونه‌وه، ته‌نانه‌ت هه‌رچه‌نده به‌ڵگه‌یه‌كى ئه‌وتۆیش نییه كه ڤایرۆسى كۆرۆنا له رێى ته‌رمى مردووانه‌وه ده‌گوازرێنه‌وه.
ئه‌بوسه‌جاد ئه‌ندامێكى تر‌ى تیمه‌كه‌یه و ته‌مه‌نى 46 ساڵه، بۆ ئاژانسى رۆیته‌رز باس له‌وه ده‌كات، كاتێك ژماره‌ى ئه‌ندامه‌كان كه‌م ده‌بێت بۆ ناشتنى قوربانییه‌كان، ئه‌وا تیمه‌كه ناچار ده‌بێت داوا له هاوڕێیان و چه‌كدارانى تر‌ى حه‌شد بكات بۆ ئه‌وه‌ى هاوكارییان بكه‌ن.
هه‌روه‌ها ئه‌بوسه‌جاد باس له‌وه‌یش ده‌كات مه‌ترسى هه‌یه یه‌كێكیان تووشى ڤایرۆسه‌كه بێت و تووشى گله‌یى و گازنده‌ى كه‌سوكارى ببن. ئه‌بوسه‌جاد ناوى خۆى ئاشكرا نه‌كردووه، چونكه به ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى نه‌گوتووه ئه‌و له گۆڕستان ئه‌م كاره ده‌كات. دووپاتیشى كرده‌وه ئه‌و هاوڕێیانه‌ى به‌م كاره ده‌زانن، دوودڵن له‌وه‌ى هاتوچۆى بكه‌ن.
هه‌ندێك له هۆزه‌كان و پیاوانى ئاینى ره‌تیان كرده‌وه قوربانیانى كۆرۆنا له گۆڕستانه‌كان بنێژرێن، ئه‌مه‌یش هۆكار بوو بۆ ئه‌وه‌ى گۆڕستانێكى نوێ دابنرێت. عه‌بدولحوسێن كازم كه سه‌رۆكى تیمى ناشتنه ده‌ڵێ، "هه‌ندێك له ته‌رمه‌كان 15 رۆژ له ناو ساركه‌ره‌وه ده‌مێننه‌وه، دواتر له هه‌ندێك له ناوچه‌كان به هه‌ڕه‌مه‌كى ده‌نێژرێن بێ ئه‌وه‌ى بشۆرێن و له‌ڕووى شه‌رعه‌وه رێوڕه‌سمیان بۆ بكرێت".
مردوونێژه‌كان: ئێمه موسڵمانین كه‌چى به رێوڕه‌سمى مه‌سیحى و ئیسلامى مردووه‌كانى كۆرۆنا ده‌نێژین
له‌م گۆڕستانه نوێیه‌دا، ده‌بێت تیمه خۆبه‌خشه‌كه رێز له رێوڕه‌سمه‌كان بگرن. رێ به كه‌سوكارى مردووه‌كان دراوه له دووره‌وه سه‌یرى ناشتنى مردووه‌كان بكه‌ن، قوتابییه‌كى په‌یمانگه نوێژ و رێوڕه‌سمى تایبه‌ت له‌سه‌ر گۆڕى هه‌ر مسوڵمانێك ده‌خوێنێ. به‌ڵام به‌مدواییه دوو كه‌سى مه‌سیحیش له گۆڕستانه‌كه نێژراون.
ئه‌بوسه‌جاد كه له به‌رده‌م گۆڕى یه‌كێك له مه‌سیحییه‌كان وه‌ستاوه و تیمه‌كه‌یشى كار ده‌كه‌ن، ده‌ڵێ كه‌سوكارى قوربانییه‌كان حه‌ز ده‌كه‌ن مردووه‌كانیان له گۆڕستانى خێزانه‌كانیان بنێژرێن، به‌ڵام ئێسته ئه‌وان به‌هۆى په‌تاى كۆرۆناوه له‌و گۆڕستانه نێژراون.
ئه‌و پیاوه بۆ رۆیته‌رز له‌سه‌ر قسه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێ، "له كه‌سوكارى دوو مه‌سیحییه‌كه‌مان پرسى ده‌یانه‌وێ چۆن مردووه‌كانیان بنێژین، ئه‌وانیش تێبینییان پێ داین، بۆیه به‌گوێره‌ى تایبه‌تمه‌ندى ئه‌وان مردووه‌كان نێژران".