به‌وێنه‌.. له‌ سیده‌كان زیان به‌ سه‌تان دار ده‌گه‌یه‌نرێت و بریندار ده‌كرێن

:: PM:04:44:02/06/2020 ‌

له‌ گوندێكی ده‌ڤه‌ری برادۆستی سه‌ر به‌ شارۆكه‌ی سۆران، سه‌تان داری سرووشتی زیانیان پێ ده‌گه‌یندرێت و بزمارڕێژ ده‌كرێن، پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ش ده‌ڵێ، تاوانباران به‌ سزای یاسایی ده‌گه‌ینین.

به‌پێی زانیاریه‌كانی ده‌ست "وشه‌" كه‌وتووه‌، داره‌ سرووشتییه‌كان پێك هاتوون له‌ داری به‌ڕوو، مازی، گویشك و چه‌ند جۆرێكی تر، زیان گه‌یاندنی داره‌كان به‌هۆی كێشه‌ی زه‌وی و زار بووه‌، به‌هۆی ناكۆكی نێوان چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌ك ئه‌مه‌ كراوه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندی داره‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كه‌دان. 

هه‌ژار ماهیر ئێدلبی سه‌رۆكی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگه‌ به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند،‌ له‌ گوندی كه‌ژه‌ك سه‌ر به‌ شاره‌دێی سیده‌كان، رێژه‌یه‌كی زۆری دارودره‌خت، بریندار ده‌كرێن و هێرشێكی دڕندانه‌ و ناڕه‌وا كراوه‌ته‌ سه‌ر دارودره‌ختی گونده‌كه‌، له‌ رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگه لقی سیده‌كان‌ داواكارین لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی سیده‌كان و هێزه‌كانی پۆلیسی ژینگه‌ و پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و هۆبه‌ی دارستان لێكولینه‌وه‌ی ڕژدیی بكه‌ن و كه‌سه‌كان ڕاپێچی دادگا بكه‌ن به‌سزای یاسایی بگه‌ینن.

هەژار ماهیر گوتی، ئەم کارە دڕندانە دژی ژینگە و داری بەتەمەن جێگەی قبوڵ نییە و لایەنە بەرپرسەکان ئەو هاووڵاتییانە ڕادەستی دادگا دەکرێن

سه‌رۆكی رێكخراوی وار ئه‌وه‌یشی گوت، رۆژانه‌ ده‌بینن به‌ هۆی بوردمانی هێزه‌كانی توركیا و ئێران هه‌زاران دۆنم له‌ سه‌وزایی له‌ ناو ده‌بردرێت و ڕێژه‌ی سه‌وزایی كه‌م ده‌بێته‌وه‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ده‌بینین ده‌ستێكی ناوخۆیی هه‌وڵی تێكدانی دار و دره‌ختی گوندی كه‌ژه‌كیان داوه‌ نزیكه‌ی سه‌دان دار به‌ڕوو و مازیان بریندار كرووه‌ تا بۆ وه‌رزی زستان ووشك ببن.

له‌ رێكخراوی وار ئه‌مه‌ به‌ تیرۆری سپی ده‌زانین كه‌ به‌رانبه‌ر سرووشت ده‌كرێت هه‌روه‌ك چۆن دارستانه‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر 11%ی گازه‌ ژه‌هراوییه‌كان هه‌یه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی ژینگه‌ی بینین پاك ده‌كه‌نه‌وه‌ و ئارامی ده‌روونیی به‌ده‌وروبه‌ر ده‌به‌خشن، هه‌ردارێك تا ته‌مه‌نی 70 ساڵی توانای هه‌ڵمژین و كۆگاكردنی سێ تۆن كاربۆنی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر ماڵێك چواردار بڕوێنن ئه‌وا به‌رێژه‌ی 20% كاریگه‌ری له‌سه‌ر فێنك كردنه‌وه‌ی خانووه‌كه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات رێژه‌ی 10% به‌كارهێنانی وزه‌ كه‌مبێته‌وه‌.

لای خۆشیه‌وه‌، مقه‌ده‌م ره‌زا شێروانی به‌ڕێوه‌به‌ری دارستان و ژینگه‌ی سۆران به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، ئاگادار كراینه‌وه‌ له‌ رووداوێكی تێكدانی ژینگه‌ و بریندار كردن و سپی كردنی سه‌تان داری جۆراوجۆر، ئه‌مه‌یش تاوانێكی گه‌وره‌یه‌ و سزای یاسایی بۆ دیاری كراوه‌.
 
زیاتر گوتی، یه‌كه‌مجاره‌ رووداوی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ بووه‌ له‌ سنووره‌كه‌مان تۆمار ده‌كرێت، كه‌سانێك هێنده‌ بێویژدان بن و هه‌ڵبستن به‌ زیان گه‌یاندنی ئه‌و هه‌موو داره‌ سرووشتییه‌ كه‌ ته‌مه‌نی هه‌ندێكییان یه‌كجار زۆره‌.

ئاشكرایشی كرد، زیان گه‌یاندنی داره‌كانیش به‌ ئه‌نقه‌ست بووه‌ هه‌ندێكیان سپی كراون و هه‌ندێكیشیان بزماریان لێداوه‌ تا دووچاری ووشك بوونه‌وه‌ ببن، بۆیه‌ په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ رێكده‌خه‌ین و تاوانباره‌كان ده‌دۆزینه‌وه‌ و رووبه‌ڕووی دادگایان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

گوندی كه‌ژه‌ك سه‌ر به‌ شاره‌دێی سیده‌كانه‌ له‌ سنووری پارێزگه‌ی هه‌ولێر، یه‌كێكه‌ له‌ گونده‌ جوان و به‌دار و باره‌كانی ناوچه‌كه‌ و دارستانی زۆری لێیه‌. 

سیده‌كان/ موڕشید برادۆستی


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان