دەبوایە بودجەی 2020ی عێراق لە تشرینی یەكەمی 2019 ئامادە بكرایە و بۆ دەنگدان لەسەری رەوانەی پەرلەمان بكرایە، بەڵام بەهۆی خۆپێشاندانەكان و دواتر دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەت و سەرهەڵدانی تەنگژەكانی كۆرۆنا و دارایی، وایان كرد كە پڕۆژەكە هەر لە وەزارەتی دارایی بمێنێتەوە، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق حكوومەتی ناچار كرد تا كۆتای ئەم مانگە پڕۆژەكە رەوانەی پەرلەمان بكات.
تا كۆتای ئەم مانگە بوار هەیە
پڕۆژە یاسای بودجەی 2020ی عێراق لەلایەن حكوومەتی عادل عەبدولمەهدییەوە هاتە ئامادەكردن، بەڵام دواتر بۆ شوێنكردنەوەی داواكاری خۆپێشاندوەران و دوای ئەوەیش بوونی حكوومەت بە كاربەڕێكەر بۆ ماوەی پێنج مانگ، وای كرد رەوانەكردنی دوابكەوێت، ئێستەیش شارەزایانی ئابووری پێیان وایە بودجەكە نائاسایی دەبێت و تەنیا بۆ مووچە و رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و خەرجییە پێویستەكان دەبێت و رێژەیەكی گەورەی كورتهێنانی تیادایە.
ئەمڕۆ چوارشەم،
پەرلەمانی عێراق دوای شەش مانگ یەكەم دانیشتنی ئاسایی خۆی ساز كرد و تیایدا دەنگی لەسەر پڕۆژە بڕیارێك دا بۆ ناچاركردنی حكوومەت بە رەوانەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە تا 30ی حوزەیران، جیا لەوە پەرلەمان كۆتایی بە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای قەرزكردنی ناوخۆیی و دەرەكی هێنا بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی 2020.
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگری سەرۆك و 184 ئەندام، یەكەم دانیشتنی ئەم وەرزەی یاسادانانی دەست پێ كردەوە، دوای وەستان بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی دژ بە كۆرۆنا، وەك پێشتر هاتە راگەیاندن لە دانیشتنەكە گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژە یاسایەك سەبارەت بە قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی دەكرێت، جیا لە خوێندنەوەی دوو راپۆرت لەبارەی تەنگژەكانی كۆرۆنا و دارایی لە عێراق.