بومەلەرزەیەك بە گوڕی پێنج پلە بە پێوانەی ریختەر، پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی كوردستانی هەژاند و بەگوتەی بەرپرسانی پارێزگاكە تا ئێستە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.
ناوەندی بوومەلەرزەزانی ئێران بڵاوی كردەوە، بوومەلەرزەكە ئەمڕۆ چوارشەم سەعات 12:46:52 بە كاتی تاران رووی داوە و سەنتەری بوومەلەرزەكەش نزیك شارۆكەی مێهران بووە لە رۆژئاوای ئیلام.
بوومەلەرزەكە لە قووڵایی 11 كیلۆمەتر رووی داوە و لەدوای بوومەلەرزەكەش چوار بوومەلەرزەی تر پارێزگاكەیان هەژاندووە، بەڵام گوڕیان كەمتر بووە لە هی جاری یەكەم.
تیمەكانی فریاكەوتن و تەندروستی رەوانەی ئەو شوێنانە كراون كە پێشبینی دەكرێ زیانیان بەركەوتبێت، هێشتا هیچ زیانێك لەسەر بوومەلەرزەكە بڵاو نەكراوەتەوە.
خەڵك چوونەتە دەرەوەی ماڵەكانیان و دەترسن بگەڕێنەوە ژوورەوە.
ئەسەد قاسمی قایمقامی مێهران بە میدیاكانی گوتووە، زیانی گیانی بەدواوە نەبووە و لەدوای روودانی بوومەلەرزەكەش خەڵك چوونەتە دەرەوەی ماڵەكانیان و دەترسن بگەڕێنەوە ژوورەوە.
بەگوێرەی رادیۆ فەردا، بەرپرسانی مانگی سووری پارێزگاكە ئاماژەیان داوە تەواوی تیمەكانیان لە ئامادەباشیدان بۆ فریاكەوتنی هەر حاڵەتێك پێویستی بە یارمەتی هەبێت.
بەشێك لە ناوچەكانی كوردستان لەسەر هێڵی بوومەلەرزە هەڵكەوتوون و ساڵانە دەیان حاڵەتی بوومەلەرزە تۆمار دەكرێن كە گوڕی هەندێكیان بەرزە و قوربانیی لێ دەكەوێتەوە.
بەهیزترین بوومەلەرزە لە كۆتایی ساڵی 2017 كرماشانی هەژاند كە بەهۆیەوە سەدان كەس مردن و دەیان هەزار كەس بریندار بوون و دەیان هەزار خانووش داڕمان. ئەوكات گوڕی بوومەلەرزەكە 7.2 بوو.