وەزیری بەرگری ئەمەریكا بەكارهێنانی سوپا لە دژی خۆپێشاندەران رەت دەكاتەوە

:: PM:08:22:03/06/2020 ‌

زیاتر لە هەشت رۆژە دۆخی چەندان ناوچەی ئەمەریكا لە دوای كوژرانی جۆن فڵۆید، ئەو هاووڵاتییە ئەمەریكییەی بەرەگەز ئەفریقییەی لەلایەن پۆلیسەوە لە ویلایەتی مینیسوتا كوژرا، روو لە گرژی و پشێوییە، مارك ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمەریكا رای گەیاند كە بڵاوەپێكردنی سوپا بۆ نەهێشتنی ناڕەزایەتییەكان رەت دەكاتەوە.
سوپا بەرگری لە مافی هاووڵاتییان و ئازادییەكانیان دەكات
ئەمڕۆ ئیسپەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا خۆی لە بەشداریكردن لە رووداوەكانی چەند رۆژی رابردوو لادا، كاتێك گۆڕەپانی لافیت لە پشتەوەی كۆشكی سپی بەر لە سەردانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كلێسەی سانت جۆن، بەزەبری هێز چۆڵ كرا، ئاماژەی كرد كە زانیاری بە رێوشوێن و پلانەكان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپێشاندەران لەو رۆژە نەبووە، كە تیایدا گولەی پلاستیك و گازی فرمێسكڕێژ بەكارهێنرا، بۆیە ئەو ئاراستەی سەرانەكەی ترەمپی نەزانیوە.  

روونی كردەوە، ئەو بەرهەڵستی بڵاوكردنەوەی سوپا و بەكارهێنانی بۆ كۆنترۆڵكردنی ناڕەزایەتییەكان دەكات، هەروەها بەرهەڵستی داوایەكی ترەمپ دەكات بە پەنابردن بۆ "یاسای یاخیبوون"، چونكە سوپای ئەمەریكا سوێندی خواردووە بەرگری لە مافی هاووڵاتییان و ئازادییەكانیان بكات، بۆیە زۆرێك لەو قسانەی لەبارەی پاسەوانانی نیشتمان كراوە بەوەی گولەی پلاستیكی و گازی فرمێسكڕێژیان بەكارهێناوە، راست نییە، بەڵكو ئەركی ئەوان پاراستنی موڵكوماڵی دەوڵەت بووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل