وەزارەتی تەندروستی 50 تووشبووی نوێی كۆرۆنای لە هەرێم راگەیاند

:: PM:09:42:03/06/2020 ‌
تا ئێستە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری وڵاتانی دنیا و لە عێراق و لە هەرێمی كوردستانیش روو لە زیادبوونە، وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم، كە لە سەرەتای سەرهەڵدانی تەنگژەكەوە دیودەرانە ئامارەكانی تووشبوون و مردن و چاكبوونەوەی راگەیاندووە، لە راگەیندراوێكدا تۆماركردنی 50 حاڵەتی نوێی تووشبوونی راگەیاند. 
ئاماری تووشبوون لە هەڵكشانە
بەپێی دوایی راگەیندراوی وەزارەتەكە، ئەمڕۆ چوارشەم لە بەردەوامی پشكنین و گەڕان بەدوای گومانلێكراو و تووشبووان، 48 تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشان كران، 23 پیاو و 23 ئافرەت و دوو منداڵ.

بەپێی راگەندراوەكە هەشت لە تووشبووان بەركەوتووی تووشبووانی پێشوون، 40 تووشبوویش نیشانەی نەخۆشییەكەیان هەیە، دابەشبوونی حاڵەتەكان بەو شێوەیەیە، یەك تووشبوو دانیشتووی شارەدێی بازیان و یەك تووشبوو دانیشتووی شارەدێی عەربەت، یەك تووشبوو دانیشتووی شارۆكەی سەیدسادق، تووشبووێك دانیشتووی شاری كەركووك و 44 تووشبوو دانیشتووی ناو شاری سلێمانی.

لە راگەندراوێكی تردا هاتووە، لە بەردەوامی پشكنین و گەڕان بەدوای گومانلێكراو و تووشبووان، دوو تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە دەڤەری راپەڕین دەستنیشان كران، خێزانێكی پێكهاتوو لە ژن و مێردێكن، پیاوێكی تەمەن 43 ساڵ و ئافرەتێكی تەمەن 32 ساڵ، نیشانەی نەخۆشیان هەیە، دانیشتووی گەڕەكی نەورۆزن لە شارۆكەی رانیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل