دۆخی عێراق لە رووی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا روو لە خراپترە و رۆژانە حاڵەتی زیاتری تووشبوون و مردن تۆمار دەكرێت، د داڵیا فەرهاد سلیڤانی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق هۆكارەكانی زیادبوونی حاڵەتەكانی تووشبوون لە عێراق روون دەكاتەوە و دووپاتی دەكاتەوە كە ئێستە ناتوانرێت پێشبینی كۆتاهاتنی دۆخەكە بكرێت.
كەمتەرخەمییەكە لە هەردوولایە
ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق هەڵكشانی ئاماری تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند و دووپاتی كردەوە لە ماوەی 24 سەعاتدا 781 حاڵەتی تووشبوون و 21 حاڵەتی نوێی مردن تۆمار كراوە، بەوەیش كۆی ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە 8168 حاڵەت و چاكبوونەوەیش 4095 حاڵەت و مردنیش 256 حاڵەتە.
سلیڤانی ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی راگەیاند، روونە كە ئاست و توانای دامەزراوەكانی تەندروستی لە عێراق چۆنە و ناتوانن ئەو ژمارە زۆرەی تووشبووانی ئەو پەتایە بگرنە خۆیان، ئێستە ژمارەی تووشبووان زۆر زیادی كردووە، هۆكاری سەرەكیی ئەو دۆخەی عێراق تێی كەوتووە، پابەند نەبوونی خەڵكە بە رێنوێنییەكان و قەدەغەی هاتوچۆ و كەرەنتینە، تەنانەت كە حسێب بۆ ئەوانە ناكات، دەمامك و دەستكێش نابەستن، واتە هۆكارەكەی لە هەردوولایە.
روونی كردەوە، وەك پەرلەمان خانەیەكی تەنگژەی پەرلەمانی لەپاڵ حكوومەتی هەیە و ئەوان رێنوێنی و ریوشێنە تەندروستی و خۆپارێزییەكان دەردەكەن، بەداخەوە لە عێراق چەندان پێشیلكاری هەبوو لەوانە دانەخستنی سنوورەكان و بەردەوامی هاتوچۆ بۆ ئێران، سەرانیكردن بۆ شوێنە پیرۆزە ئاینییەكان بەردەوام بوون و تێكەڵبوون بەردەوام بوو، تەنانەت ئەو كەرەنتینە هەبوو، وەك زیندانی حسێبی بۆ كراوە و پابەندی نەبووە.
سەبارەت بە پێشبینییەكانیان بۆ كۆتاهاتن یان كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە، ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، ئەو بابەتە ئێستە سەختە پێشبینی بكرێت، چونكە حاڵەتەكان لە زیادبوون و چارەسەرییەكانیش بنبڕ نین و تەنانەت لە دنیایش هەر بەوشێوەیەیە، بۆیە ناتوانین وادەیەك بۆ كۆتاهاتن و كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە دیاری بكرێت.