دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێكی
"وشە"، لەسەر رەوانەكردنی 36 ملیار دۆلا و نزیكەی 80 تۆن زێر لە لایەن ئێرانەوە بۆ سلێمانی، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت، ئەو هەواڵەیان نەبیستووە، بەدواداچوون بۆ راستی و دروستی دەكەن.
كۆبوونەوەكە بە دەنگ و وێنە لەبەردەستە
دوێنێ سێشەم 2ی حوزەیران، لە كۆبوونەوەی فەرمی پەرلەمانی ئێران، كەریم قودوسی، نوێنەری مەشهەد لە پەرلەمان رای گەیاند، سێ ساڵ لەمەوبەر 36 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار بە فەرمانی حەسەن روحانی، سەرۆك كۆماری ئێران، بۆ سلێمانی گواستراوەتەوە.
بەگوێرەی "مێهر نیوز"، ئەو پەرلەمانتارە گوتبووی، ئەوكات پرسەكە لە لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی بە ئامادەبوونی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەوكاتی بانكی ناوەندی، وەزارەتی ئیتلاعات، فەرمانگەی هەواڵگریی سوپا و وەزارەتی ئابووری، تاوتوێ كراوە و كۆبوونەوەكەیش بە دەنگ و وێنە لەبەردەستە.
ئەو نوێنەرەی پەرلەمان باسی لە كۆبوونەوەكەی ئەوكاتی كردبوو گوتی، بە فەرمانی روحانی لە ماوەی سێ ساڵدا، 36 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار رادەستی سێ باندی مافیایی لە بواری مادە هۆشبەرەكان، دراو و قاچاخیی كاڵا كراوە و بۆ سلێمانی گواستراوەتەوە، كە لە ژێر دەسەڵاتداریەتی ئەمەریكا و سعوودیەدایە و جگە لەم بڕە پارەیە 80 تۆن زێڕیش بۆ هەمان شوێن گواستراوەتەوە.
نوێنەرەكەی مەشهەد بە وردی باسی لەوە نەكردووە چارەنووسی ئەو بڕە زۆرەی پارە و زێرە چی بەسەر هاتووە و بەرەو كوێ رۆیشتووە.
لەوبارەوە سێوە حەمەخدر، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان، ئەمڕۆ چوارشەم 3ی حوزەیران، بە "وشە"ی راگەیاند، هیچ شتێكی لەو جۆرەیان نەبیستووە و بۆ دەرخستنی ئەو راستییە بەدواداچوون دەكەن.
هاوكات هۆشیار ئیسماعیل، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو بابەتە ناچێتە ئەقڵەوە، چونكە ئێران خۆی لەو پەڕی قەیراندایە و هیچ ناكات پارەیەكی ئاوا زۆر بۆ سلێمانی دەنێرێ، روونی كردەوە، ئەو پرسە ئەگەر مەجالی راستی تیابوایە، بەدواداچوونیان بۆ دەكرد، بەڵام وەك خەونێك وایە كەلە رووت نایات بیشیگێڕیتەوە.
سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا