ئێران گرێبەستێكی دووساڵەی فرۆشتنی كارەبای لەگەڵ عێراق واژوو كرد

:: AM:09:52:04/06/2020 ‌

رەزا ئەردەكانیان وەزیری وزەی ئێران ئاشكرای كرد، لە میانەی سەردانی بۆ بەغدا، گرێبەستێكی دووساڵەی فرۆشتنی كارەبای لەگەڵ عێراق واژوو كردووە.

ئەمڕۆ پینجشەم ئەو وەزیرەی ئێران زانیارییەكەی ئاشكرا كردووە. ئەو دوێنێ چوارشەم لە بەغدا چاوی بە ماجید مەهدی حەنتوش وەزیری كارەبای عێراق كەوت.

وەك وەزیری كارەبای ئێران خستوویەتییە ڕوو، سەرجەم گرێبەستەكانی فرۆشتنی كارەبا بە عێراق لە رابردوودا ماوەكەیان یەك ساڵ بووە، بەڵام ئەمجارە كردوویانەتە دوو ساڵ و تا كۆتایی ساڵی 2021 گرێبەستەكەیان واژوو كردووە.

لەو سەردانەیدا وەزیری كارەبای ئێران 400 ملیۆن دۆلاری لە عێراق وەرگرتووە
هاوكات هەر لەو سەردانەیدا وەزیری كارەبای ئێران 400 ملیۆن دۆلاری لە عێراق وەرگرتووە كە پارەی ئەو كارەبایەیە پێشتر بە عێراقی فرۆشتووە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، ئەم گرێبەستە لە كاتێكدا واژوو كراوە كە مانگی رابردوو ئەمەریكا مۆڵەتی كڕینی كارەبا لە ئێرانی بۆ عێراق بۆ ماوەی چوار مانگ درێژ كردەوە.

عێراق بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی بە كارەبا، پشت بە ئێران دەبەستێت و نەیتوانیوە لەم كەرتەدا هەنگاوێكی رژد بنێت. ئەمەریكا گوشاری خستووەتە سەر عێراق لەم كەرتەدا وەبەرهێنان بكات و چیتر پشت بە وزەی ئێران نەبەستێت.




وشە - سلێمان تاشان