بانكی ناوەندی عێراق بوونی گەندەڵی پاڵپشتیكردنی تیرۆر رەت دەكاتەوە

:: PM:04:02:04/06/2020 ‌

مەزادی دراوی بیانی لە بانكی ناوەندی عێراق بە درێژایی ساڵانی رابردوو بە دەروازەیەكی گەورەی گەندەڵی تۆمەتبار كراوە، سەرەڕای چەندان دەزگە و دامەزراوەی چاودێری دارایی و نەهێشتنی گەندەڵی، بەڵام نەتوانراوە ئەو مەزادە كۆنترۆڵ بكرێت، دوایین قسە و باس لەو بارەوە ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بوو كە هێرشێكی سەختی كردە سەر ئەو مەزادە.  

ئەمڕۆ پێنجشەم بانكی ناوەندی عێراق وەڵامی قسەكانی ئەو پەرلەمانتارەی دایەوە و بەیاننامەیەكی دەركرد و پێشنیازێكی خستە روو بەوەی وەزارەتی دارایی عێراق دوور لەو بانكە دۆلار بفرۆشێت، روونی كردەوە، ژمارەیەك پەرلەمانتار لە میدیاكانەوە هەوڵی تۆمەتباركردنی ناراست و بێبەڵگەی دەسەڵاتی دراوی وڵات دەدەن، دواترینیان پەرلەمانتارێك باسی بوونی مەزادی دراو وەك سەرچاوەیەكی گەندەڵی و تیرۆر.
تۆمەتەكان بێبەڵگە و ناڕاستن
زیاتر گوتی، ئەو بابەتە مەبەست لێی ورووژاندنی جەماوەر و رای گشتییە لە دژی دامەزراوەكانی دەوڵەت و ئاماژەیەكی نەرێنیشە لەبەردەم وڵاتان و دەرەوە و دەبێتە هۆی سەختی مامەڵەكردن لەگەڵمان و وەرگرتنی متمانە و پاڵپشتیان، لەوكاتەی بانكی ناوەندی خراوەتە ژێر چاودێری چەندان لایەنی چاودێریكاری ناوخۆیی و دەرەكی و نووسینگەی لێوردبوونوەی نێودەوڵەتی، بۆیەش چەندان جار داوامان كردووە وەزارەتی دارایی عێراق خۆی دۆلارەكانی راستەوخۆ و دوور لە بانكی ناوەندی بفرۆشێتە بازاڕەكان.   

 سەرەتای ئەم مانگە ماجیدە تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، لێكۆڵینەوەم كردووە و بۆمدەركەوتووە بە گەیشتنی پارە لەو رێگەی مەزادی بانكی ناوەندییەوە بۆ دەستی تیرۆریستان و بەشێكیتریشی بۆ دەستی هێزە سیاسییەكان، بە گشتی پارەكەی بۆ چوار شوێن دەچێت، بەشێك لە فەرمانبەرانی بانكی ناوەندی، بەشێكی بۆ حزبەكان و بەشێكی تریشی بۆ بازرگانان و چوارەمیش بۆ پاڵپشتیكردنی تیرۆر، لەوكاتەی بەپێی قسەی شارەزا و چاودێرانی عێراقی، لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو زیاتر لە 300 ملیار دۆلار لەو مەزادە فرۆشراوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل