بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا ژاپۆن پاڵپشتی دارایی عێراق دەكات

:: PM:04:28:04/06/2020 ‌

دوای ئەو دۆخە خراپەی حكوومەتی عێراق بەهۆی پەتای كۆرۆناوە تووشی هاتووەتەوە، ژاپۆن بڕی 2.26 ملیۆن دۆلار پاڵپشتی دارایی بۆ رێوشوێنەكانی خۆپارێزی حكوومەتی عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ پڕۆگرامی گەشەسەندنی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، تەرخان دەكات.
بۆ رووبەڕووبوونەوەی كاریگەرتری پەتاكەیە
ماڵپەڕی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی كردووە، ئەو بڕە پارەیە بۆ كڕینی پێداویستی و كەلوپەلی پزیشكی و ئامێری هەناسەدان بەكار دێت، جیا لە یارمەتیدانی پێویستییە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان و دانانی پلانەكانی دوای كۆرۆنا.

روونی كردەوە، ئەو چالاكییە لە چوارچێوەی پلانی گشتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چوارچێوەی پڕۆگرامی پەرەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دێت، بە مەبەستی سەقامگیركردنی دۆخی ئەو وڵاتە و زیادكردنی توانای تاقیگەكان بۆ پشكنینی زیاتر و دابینكردنی ئامرازەكانی پاراستنی كەسی بۆ كارمەندانی چاودێری تەندروستی و دروستكردنی یەكەی دابڕین و كەرەنتینەكردن بۆ تووشبووان و بەهێزكردنی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لە ناو كۆمەڵگەدا.

شایەنی باسە ژاپۆن یەكێكە لە هاوبەشە سەرەكییەكان لە پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان و لە 2014ەوە تا ئێستە زیاتر لە 86 ملیۆن دۆلاری بەمەبەستی چەسپاندنی سەقامگیری و تەناهی كۆمەڵگە و جموجۆڵەكانی پێوەست بە بژێوی، پێشكەیش كردووە.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل