وردەكاری زیاتری یاسای چاكسازی دەخرێتە روو

:: PM:09:55:04/06/2020 ‌

خەڵك ئومێدێكی زۆری بە چاكسازی هەیە كە بووەتە درووشمێكی زەق و زیندووی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێمی كوردستان، وردەكاری ئەركی خۆیان لەو بارەوە روون دەكاتەوە و ئاماژە دەكات، لە سەرەتای مانگی تەمووزی داهاتووەوە دەست بە جێبەجێكردنی یاساكە دەكەن.
ئەو خانەنشینانەی مووچەیان كەمە، بە پێی یاساكە مووچەیان زیاد دەكات
حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەم 4ی ئایار، بە"وشە"ی راگەیاند، یاسای چاكسازی ئیشی باشی لەسەر كراوە و سەرەتای مانگی تەمووز دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت، روونی كردەوە، دۆسیەی خانەنشینی پێشمەرگە دێتە لای ئێمە، فایل بە فایل تەماشای هەموو ناوەكان دەكەینەوە و بە پلە باڵاكاندا دەچینەوە.

ئەو بەڕٍێوەبەرە دووپاتی كردەوە، ئەوەی بە نایاسایی پلەی وەرگرتبێت، لێی وەردەگیرێتەوە و پلەی ئاسایی خۆی پێدەدرێ، هاوكات یاسای چاكسازی نابێت لە هەندێك خاڵ و بڕگەدا پەلەی لێ بكرێت.

لای خۆیەوە هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، یاسای چاكسازی تەواوی كارە نایاساییەكان رێك دەخاتەوە، واتە ئەوەی بە نایاسایی پلەی پێدرابێت، لێی وەردەگیرێتەوە.

زیاتر گوتی، 13 بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی هەیە، هەمووی دەبێتە یەك بەڕێوەبەرایەتی، ژمێریاری یەكەكانی حەفتا و هەشتایش نامێنن و یەك ژمێریاریان دەبێ، روونی كردەوە، یاساكە هەموو لە بەرژەوەندی خەڵكدایە، ئەو خانەنشینانەی مووچەیان كەمە، بە پێی یاساكە مووچەیان زیاد دەكات، ژمارەی حیسابی بۆ فەرمانبەران دەكرێتەوە پاشەكەوتی مووچەی تیادا هەڵدەگیرێت، هەركات دۆخی دارایی حكوومەت باش بوو، فەرمانبەران دەتوانن پارەكەیان راكێشن.

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، پاسەوانی بەرپرسان نامێێت، یەكەیەكی پاسەوانی لە وەزارەتی ناوخۆ دادەمەزرێت، هەموو یەكەی پاسەوانی لەو یەكەیە كۆ دەكرێنەوە و دواتر هەر بەرپرسێك پاسەوانی پێویست بوو بۆی دادەنرێت.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل