ئەمەریكا.. دوو ملیۆن ژەمی پێكوتەی دژ بە كۆرۆنا ئامادەیە

:: PM:04:15:06/06/2020 ‌

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیا بڵاوبووەتەوە و تا ئێستە ژمارەی قوربانیانی لە زیادبوونە و گەیشتووەتە سەرووی شەش ملیۆن 875 هەزار حاڵەت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە وڵاتەكەی بە كردەنی دوو ملیۆن ژەمی پێكوتەی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنای بەرهەمهێناوە و لەگەڵ دڵنیابوونەوەی زانایان لە بێكێشەیی، بەكار دەهێنرێت.
پێشكەوتنی گەورە لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە
وەك تۆڕی هەواڵی "سی ئێن بی ئێس"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، ترەمپ لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە كۆشكی سپی روونی كردەوە، پێشكەوتنێكی گەورەمان لە بواری بەرهەمهێنانی پێكوتە، بەدی هێناوە ئێستە ئامادەین بۆ دەست پێكردن و كاری لۆجیستی لەوبارەوە.

راپۆرتێكی ئەو ماڵپەڕە ئاماژەی كرد كە ئیدارەی ترەمپ پێنج كۆمپانیای دیاری كردووە بۆ بەرهەمهێنانی پێكوتەی ئەو ڤایرۆسە، بێ دیاریكردنی كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكە، لەوكاتەی بەهۆی زۆری زیان و بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، بەرپرسانی تەندروستی و تو‌وێژەرانی ئەمەریكا بەپەلە كار لەسەر پەرەپێدانی پێكوتەیەك دەكەن، زانایانی ئەمەریكا پێیان وایە كە پێكوتەی دژ بە كۆرۆنا لە نیوەی یەكەمی 2021 ئامادە دەبێت. 

دوێنێ سەنتەرەكانی ئەمەریكی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا رایان گەیاند كە ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا لە سەرانسەری ئەمەریكا گەیشتووەتە ملیۆنێك و 862 هەزار حاڵەت و مردنیش گەیشتووەتە 108062 حاڵەت. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل