وەرزی دروێنە و وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی عێراق بە پێی ناوچە جیاوازەكان، دەستی پێ كردووە، بڕیار بوو لە سەرتای ئەم مانگە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بكرێت، كەچی تا ئێستە بە تەواوەتی دەستی پێ نەكردووە، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق تیشك دەخاتە سەر دواترین زانیاری لەوبارەوە.
لە دەوروبەری 390 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەردەگیرێت
د حەمید نایف، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان لە گەنمی وەرگیراو بۆ ئەمساڵ وەك پێشتر رامان گەیاندبوو، لە دەوروبەری 390 هەزار تۆنە لە جووتیارانی هەرێم وەردەگیرێت، كە بەرهەمەكە لە سایلۆكانی هەرێم وەردەگیرێت و ئەوەیش زیادە لە شوێنیتر جێگەی دەكرێتەوە.
زیاتر گوتی، سەبارەت بە كاتی وەرگرتنی ئەو گەنمە لە جووتیاران، وەك دەزانن لە پارێزگاكانی باكور دەستی پێ كردووە، لەوانەیش لە هەرێم، ئەوەی پرۆسەكەی دواخستووە چەند رێوشوێنێكی یاساییە لە نێوان ئەوان و وەزارەتی بازرگانی عێراق، چونكە ئەوان بەرپرسن لە وەرگرتنی گەنمەكە، ئێستە لە پارێزگەكانیتر وەردەگیرێت وەك لە مووسڵ و كەركووك و سەڵاحەدین، ئەوەی هەرێم بەمنیزكانە دەست پێ دەكات، وەك دەزانن سایلۆكانی لە هەرێم هەن سەر بە وەزارەتی بازرگانین، بۆیە ئەوەی ماوە چەند بابەتێكی رۆتینییە و لە نێوان خۆیان لەسەری ریك دەكەون.
گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ روونی كردەوە، پرۆسەی دەستكردن بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە هەموو عێراق دەوەستێتە سەر كۆتاهاتنی وەرزی دروێنە، ئەگەر گەنمەكە ئامادە بێت، ئەوە پرۆسەی وەرگرتنی دەست پێ دەكات، بۆیە پرۆسەی وەرگرتن لە هەرێم زۆر نزیكە و بەرووبوومەكە ئامادە بێت، رێككەوتن لەگەڵ سایلۆكان دەكرێت.