قه‌باره‌ى بودجه‌ى عێراق ئاشكرا ده‌كرێت

:: AM:11:50:07/06/2020 ‌
مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح راوێژكارى سه‌رۆكى حكوومه‌تى عێراق پێشبینى ده‌كات قه‌باره‌ى بودجه‌ى گشتى عێراق بگات به‌ 100 تریلیۆن دینار و نرخى به‌رمیلێك نه‌وتیش به‌ 30 تا 35 دۆلار بخه‌ملێنرێت.

ماڵپه‌ڕى رۆژنامه‌ى "مه‌دا"ى عێراقى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م حه‌وتى حوه‌زیران لێدوانى مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵحى بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ باس له‌ قه‌باره‌ى بودجه‌ى گشتى ئه‌مساڵى عێراق ده‌كات.

نرخى نه‌وت له‌ بودجه‌ى عێراق به‌ 30 تا 35 دۆلار جێگیر ده‌كرێت

مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح ده‌ڵێ، "له‌ دوو هه‌فته‌ى داهاتوو ره‌شنووسى بودجه‌ ده‌گاته‌ په‌رله‌مان و پێشبینى ده‌كه‌م قه‌باره‌ى بودجه‌كه‌ 90 تا 100 تریلیۆن دینار بێت".

سه‌باره‌ت به‌ نرخى خه‌ملێنراوى نه‌وتیش ده‌ڵێ، نرخى به‌رمیلێك نه‌وت له‌ نێوان 30 تا 35 دۆلار له‌ بودجه‌ى گشتى دیارى ده‌كرێت.

مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح كه‌ ئابووریناسێكى به‌ناوبانگى عێراقییشه‌، باس له‌ ئاسانى ئاماده‌كردنى بودجه‌ ده‌كات و ده‌ڵێ، ده‌كرێ به‌ نیو سه‌عات ئاماده‌ بكرێت چونكه‌ سێ له‌ چوارى یاساى بودجه‌ ماده‌ى جێگیرن.

 هه‌رچه‌نده‌ شه‌ش مانگ له‌ ساڵى نوێ تێپه‌ڕیوه‌، كه‌چى به‌هۆى ناكۆكى سیاسى و نه‌بوونى حكوومه‌ت تا ئێسته‌ بودجه‌ى ئه‌مساڵ 2020 له‌ په‌رله‌مانى عێراق په‌سه‌ند نه‌كراوه‌.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل