هه‌رچه‌نده به پشتیوانی ئه‌مه‌ریكا و به ڕه‌زامه‌ندی و بێده‌نگی مۆسكۆ، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل به به‌رده‌وامی بۆردمانی بنكه‌ی میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران و حزبوڵای لبنانی له سووریا ده‌كه‌ن، به‌ڵام میدیاكان باس له پیلانێكی تری تاران ده‌كه‌ن دژ به ئیسرائیل و بۆ تێكدانی دۆخی ناوچه‌كه، ئه‌ویش گۆڕینی میلیشیاكانییه‌تی بۆ هێزی ڕژێم و كۆكردنه‌وه‌یانه له‌سه‌ر سنووری ئیسرائیل.
ماڵپه‌ڕی
برێكینگ ئیسرائیل نیوز بابه‌تێكی له‌وباره‌وه بڵاو كردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی داوه، كه له هه‌فته‌ی ڕابردوو هێزه‌كانی ئیسرائیل دوو جار بۆردمانی بنكه و باره‌گه‌ی میلیشیاكانی سه‌ر به ئێرانیان له سووریا كردووه و ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیایش زۆرترین هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری ئیسرائیلن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی میلیشیاكانی ئێران له سووریا و ده‌ركردنی ئێران له ته‌واوی سووریا، به‌ڵام زانیارییه‌كان باس له پیلانێكی تری شاراوه‌ی ئێران ده‌كه‌ن.
له ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌و ماڵپه‌ڕه هاتووه، كه شه‌وی شه‌موو له‌سه‌ر یه‌كشه‌می هه‌فته‌ی ڕابردوو فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی ئیسرائیل له ڕێی ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا كاروانێكی هێزه‌كانی سه‌ر به ئێرانیان كرده ئامانج و به‌وهۆیه‌وه 12 له میلیشیاكانیان كوشتووه، ئه‌و كاروانه دوای ده‌ربازبوونیان له عێراق، كه بریتی بوون له میلیشیای ئێرانی و ئه‌فغانی و عێراق چوونه‌ته سووریاوه و به‌ره‌و بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی نهێنی ئێران له ڕۆژهه‌ڵاتی شاری دێرزوور ڕۆیشتوون و له ڕێگه بۆردمانكراون و ته‌واوی كه‌لوپه‌له لۆجستییه‌كانیان تێكشكێنراوه و جیا له ژماره‌ی كوژراوان، ژماره‌یه‌كی زۆریشیان لێ برینداركردوون.
رامی عه‌بدولره‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له‌وباره‌وه گوتی، ئیسرائیل بیانووی هه‌یه له به ئامانجگرتنی ئه‌و هێزانه و پێویسته وڵاتانی زلهێز كه ڕۆڵی باڵایان هه‌یه له سووریا ئه‌و دیارده‌یه نه‌هێڵن، كه ئێران خه‌ریكه سووریا به ته‌واوی ده‌كاته ده‌وڵه‌تێكی میلیشیایی و ده‌وڵه‌ت له‌ناو ده‌وڵه‌ت دروست ده‌كات و ده‌یه‌وێ ئه‌زموونی لبنان له سووریا دووباره بكاته‌وه.
به جلی سه‌ربازانی سوپای ئه‌سه‌ده‌وه میلیشیاكان به‌ره‌و سنووری ئیسرائیل ده‌ڕۆن
هاوكات فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل له شاری حمایش چوار كارگه‌ی دروستكردنی مووشه‌كی زه‌مینی كورت مه‌ودایان كرده ئامانج و به ته‌واوی خاپووریان كرد، كه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ڕژێم و میلیشیاكانی سه‌ر به ئێرانه‌وه دروستكرابوو و ئه‌و مووشه‌كانه‌ی لێی به‌رهه‌م هێنراوه به‌ره‌و سنووره‌كانی ئیسرائیل بردراون، بۆیه به په‌له هێزه‌كانی ئیسرائیل له‌ناویان بردوون.
هه‌ریه‌ك له ڕووسیا و ئه‌مه‌ریكا كه له‌سه‌ر سووریا ناكۆكن، به‌ڵام به ته‌واوی هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هیچ پێگه‌یه‌كی سه‌ربازی بۆ ئێران له سووریای نوێ بوونی نه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ردوولا به ته‌واوی هاوكار و هه‌ماهه‌نگی ئیسرائیل ده‌كه‌ن، ئێران به وردی دركی به‌و ڕێگرییه سێقۆڵییه كردووه كه له لایه‌ن هه‌رسێ وڵاته‌وه دژ به بوونی هێزه‌كانی له سووریا بوونی هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه خه‌ریكی پیلانڕێژییه و ده‌یه‌وێ به هه‌ر جۆرێك بێ، بوونی خۆی له وڵاته‌كه بكاته ئه‌مری واقیع و بتوانێ گورزی گه‌وره له ئیسرائیل بوه‌شێنێت.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ئێسته كۆماری ئیسلامی ئێران، گرووپه میلیشیاكانی ده‌كات به به‌شێك له هێزه‌كانی ڕژێمی به‌عسی سووریا به سه‌رۆكایه‌تیی به‌شار ئه‌سه‌د و به جلوبه‌رگ و ئۆتۆمبێل و هه‌موو شتێكی هاوشێوه‌ی سوپای ئه‌سه‌د جموجۆڵ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش به ئاگه‌داری ئه‌سه‌د و حكوومه‌تی دیمه‌شقه، زۆربه‌ی چه‌كداره‌كانیشی به جلی سوپای به‌عسه‌وه به‌ره‌و ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و سووریا هه‌نگاو ده‌نێن.
ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا و ئیسرائیل به سێقۆڵی ده‌یانه‌وێ ئێران له سووریا ده‌ربكه‌ن
یوشانان فیسر شرۆڤه‌كان و ڕؤژنامه‌نووس له‌وباره‌وه ده‌ڵێ، ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا سه‌ره‌ڕای هاوئاهه‌نگییان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل به دوای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆشیانه‌وه‌ن له سووریا، ئه‌وان ئاگه‌داری پیلانی تاران نین، كه ده‌یه‌وێ به جلوبه‌رگ و ناسنامه‌ی سوپای ئه‌سه‌ده‌وه له ناوچه‌كه بمێنێته‌وه و هه‌رگیز پاشه‌كشه نه‌كات و هه‌موو هه‌وڵێكێشی ئه‌وه‌یه له سنووره‌كانی ئیسرائیل نزیك ببێته‌وه و مووشه‌كی پێشكه‌وتوویش بۆ ناوچه‌كه ده‌گوێزنه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه ناكرێ له به‌رانبه‌ر ئه‌و پیلانه‌ی ئێران بێده‌نگی بنوێنرێ و پێویسته وانه‌یه‌كی پاشی ئه‌سه‌دیش بدرێ، كه ڕێ ده‌دات میلیشیاكانی ئێران به جلی سوپاكه‌ی ئه‌وه‌وه بگه‌نه سه‌ر سنووری ئیسرائیل، بۆ ئه‌مه‌یش حكوومه‌تی ئیسرائیل گفتوگۆی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا كردووه.
دمیتری دانیلۆڤ سه‌رۆكی به‌شی ته‌ناهی ئه‌وروپا له په‌یمانگه‌ی ئه‌وروپی و ئه‌كادیمیای ڕووسی بۆ پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌وباره‌وه گوتی، ڕووسیا هه‌ریه‌ك له سووریا و ئیسرائیل به هاوپه‌یمانی خۆی له ناوچه‌كه ده‌زانێت، بۆیه هه‌رگیز ئه‌و دووانه به ئێران ناگۆڕێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه چاوه‌ڕوان ده‌كرێ هاریكارییه‌كانی بۆ ئیسرائیل به ئامانجی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی میلیشیاكانی ئێران زیاتر ببێت، هاوكات كارتی فشاری زۆر توندتر دژی به‌شار ئه‌سه‌د به‌كاردێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و نهێنی له ئێران دووری بخاته‌وه.