له یه‌كه‌م كاری‌دا وه‌ك وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، فوئاد حوسێن لایه‌نه شیعه‌كانى عێراق تووڕه ده‌كات به‌وه‌ى له راگه‌یه‌نراوێكدا دووجار ئه‌مه‌ریكا به "دۆست" وه‌سف ده‌كات و رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌تیش له راپۆرتێكدا باسى ئه‌و كاره‌ى ده‌كات و دووپاتى ده‌كاته‌وه، كورد ره‌گه‌زێكى گرنگى دانوستاندنى ئه‌مه‌ریكا و عێراق ده‌بێت.
رۆژنامه‌ى
شه‌رق ئه‌وسه‌ت ئه‌مڕۆ سێشه‌م نۆى حوزه‌یران، راپۆرتێكى له‌سه‌ر دانوستاندنى ئه‌مه‌ریكا و عێراق بڵاو كردووه‌ته‌وه، تێیدا باسى له‌وه كردووه ئه‌م دانوستاندنه عێراقییه‌كانى كردووه‌ته دوو به‌ره‌وه، به‌ره‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و به‌ره‌یه‌كى تر له دژى دانوستاندنه‌كه‌ن.
شه‌رق ئه‌وسه‌ت: كورد به‌هێزترین لایه‌نى دانوستاندنى ئه‌مه‌ریكا وعێراق ده‌بێت
له سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه شه‌رق ئه‌وسه‌ت باسى له‌وه كردووه، دوێنێ دووشه‌م یه‌كه‌م رۆژى ده‌ستبه‌كاربوونى فوئاد حوسێن بوو له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، ئه‌و كه كوردێكه ماوه‌ى په‌سه‌ندكردنى وه‌ك وه‌زیر ناكۆكییه‌كى توندى به‌خۆیه‌وه بینیوه و مانگێك به‌رده‌وام بووه.
له یه‌كه‌م رۆژى كارى فه‌رمى وه‌ك وه‌زیرى ده‌ره‌وه، فوئاد حوسێن دیدارێكى له‌گه‌ڵ ماسی‌و تۆله‌رى باڵوێزى ئه‌مه‌ریكا له عێراق ئه‌نجام داوه، پێى راگه‌یاندووه عێراق بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌یه.
رۆژنامه‌كه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت باس له‌وه ده‌كات ئه‌و ئاماده‌ییه‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ی عێراق باسى كردووه، له كاتێكدایه كه ناكۆكییه‌كى توند له نێوان لایه‌نه عێراقییه‌كان له‌سه‌ر دانوستاندنه‌كه هه‌یه كه بڕیاره سبه‌ى 10ى حوزه‌یران ده‌ست پێ بكات.
ناكۆكییه‌كانیش له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێكى جیاوازه، له‌وانه ژماره‌ى ئه‌ندامانى شاندى دانوستاندنكار، كارنامه‌ى دانوستاندنه‌كه كه هه‌ر پێكهاته‌یه‌كى عێراقى ده‌یه‌وێ بزانێ چى له‌خۆ گرتووه تا بڕیار و هه‌ڵوێستى خۆى له‌سه‌رى روون بكاته‌وه.
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له‌سه‌ر ئه‌و دیداره‌ى فوئاد حوسێن و تۆله‌ر راگه‌یه‌نراوێكى بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا دووجار ئه‌مه‌ریكاى به "دۆست" وه‌سف كردووه، به‌گوێره‌ى راپۆرته‌كه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت، ئه‌مه‌یش جێى ناڕه‌زایى لایه‌نه عێراقییه‌كانه.
رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له راپۆرته‌كه‌دا ده‌ڵێ، "ئه‌و زمانه‌ى له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه هاتووه، كه دووجار گوزارشتى دوو وڵاتى دۆستى له خۆوه گرتووه، جارێكیش باس له پێوه‌ندیى ستراتیجى ده‌كات، جێى مشتومڕێكى توندى لایه‌نه‌كانى عێراقه، پێكهاته‌ى عه‌ره‌بى سوننه و كورد پێوه‌ندى نێوان به‌غدا و واشنتن به دۆستایه‌تى و ستراتیجى وه‌سف ده‌كه‌ن، كه‌چى لایه‌نه شیعه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه نین، ئه‌وانیش ده‌بن به دوو جۆر. جۆرێكیان ده‌یه‌وێ پێوه‌ندییه‌كى باش له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كان دروست بێت، هه‌ندێكى تریش له‌وانه‌ى له ئێران نزیكن نایانه‌وێ هیچ جۆره پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌بێت".
هه‌مان رۆژنامه دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، ئه‌و جۆره هه‌ڵوێستانه به‌سه‌ر كه‌شى سیاسیى عێراق زاڵه له كاتێكدا كه گفتوگۆى ستراتیجى ته‌نیا یه‌ك رۆژى ماوه ده‌ست پێ بكات.
له به‌شێكى تر‌ى راپۆرته‌كه باس له‌وه كراوه، نوێنه‌رى پێكهاته‌ى سوننه له ناو شاندى دانوستانكار نییه، ئه‌وان داوا ده‌كه‌ن ئه‌ندامانى شانده‌كه ئاشكرا بكرێت، چونكه تا ئێسته له كۆى 21 ئه‌ندامى شانده‌كه ته‌نیا شه‌ش ئه‌ندامیان دیاره كێن.
خالید عه‌بدولئیلاه مامۆستاى زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆى موسته‌نسرییه‌ى به‌غدا قسه‌ى بۆ رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت كردووه و لێكدانه‌وه‌ى بۆ هه‌ڵوێستى هه‌رسێ پێكهاته‌ى عێراق كردووه، له‌مه‌ڕ دانوستاندنه‌كانى عێراق و ئه‌مه‌ریكا. له‌باره‌ی شیعه ده‌ڵێ، "ئه‌وان ده‌یانه‌وێ پێوه‌ندییه‌كى نوێ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌بێت و بوونى ئه‌مه‌ریكا له عێراق راشكاو و روون نه‌بێت، دیاره كاریگه‌ریى ئێران به‌سه‌ر ئه‌وان هه‌یه".
له‌باره‌ی سوننه‌یش ئه‌و مامۆستایه‌ى زانسته سیاسییه‌كان ده‌ڵێ، "سوننه‌كانیش بۆ دوو به‌ش دابه‌ش ده‌بن، ئه‌وانه‌ى پێوه‌ندییان به هێزه شیعه‌كانه‌وه هه‌یه بوونى ئه‌مه‌ریكا ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه، به‌شێكى تریش پێوه‌ندییه‌كى باشیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ده‌وێ".
خالید عه‌بدولئیلاه دووپاتى ده‌كاته‌وه پێكهاته‌ى كورد به‌هێزترین ره‌گه‌زى دانوستاندنى نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراقه. ئه‌و ده‌ڵێ، كورد به‌هێزترین لایه‌نى ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ن، ماسبۆ تۆله‌ر خۆى سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانى كردووه و بانگهێشتى هه‌رێمى كردووه بۆ ئه‌وه‌ى له شاندى دانوستاندنكار بێت، بۆیه كورد خاڵێكى نوێى له جێبه‌ندى ئه‌و دانوستاندنه داده‌نێ".
فوئاد حوسێن ئه‌مه‌ریكاى به دۆست وه‌سف كردووه بۆیه لایه‌نه‌كانى سه‌ر به ئێرانى توڕه كردووه
له كۆتایى ساڵى 2018 دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانێكى كتوپڕى بۆ بنكه‌ى عه‌ین ئه‌سه‌دى ئه‌نبار كرد، ئه‌مه شیعه‌كانى عێراقى تووڕه كرد و ده‌ستیان به‌وه كرد داواى ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن. دواتر له سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ قاسم سلێمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیسى سه‌ركرده‌ى حه‌شدى شه‌عبى له ئۆپراسیۆنێكى تایبه‌تى ئه‌مه‌ریكا له عێراق كوژران، چه‌ند رۆژێك دواتر په‌رله‌مانى عێراق بڕیارى ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكاى ده‌ركرد. كه‌چى هێشتا هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له عێراق ماون و بۆ ئه‌مه مه‌به‌سته‌یش بڕیاره‌ى سبه‌ى 10ى حوزه‌یران عێراق و ئه‌مه‌ریكا گفتوگۆ بكه‌ن.