دۆخی تەندروستیی جۆرج وسووف تێكچووە

:: PM:03:52:13/06/2020 ‌
بەپێی ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی لەبارەی هونەرمەندی سووریایی جۆرج وسووف بڵاو كراونەتەوە، ئێستە دۆخی تەندروستیی ئەو هونەرمەندە تێكچووە و ناتوانێ كارە هونەرییەكانی بەڕێوە ببات.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ شەموو 13ی حوزەیران لەسەر زاری كەسێكی نزیكی ئەو هونەرمەندە بڵاوی كردووەتەوە، دۆخی تەندرەستیی وسووف زۆر خراپە، بەجۆرێك ناتوانێ دوا گۆرانیی خۆی بەناوی "حلاوە الروح" تەواو بكات.

ئەو گۆرانییەی جۆرج وسووف "حلاوە الروح" لە تێكستی خاتوونە شاعیر نادین ئەلئەسعەدە و لە میلۆدیی هونەرمەندی ناودار وەلید تۆفیقە.

دواجار كە جۆرج وسووف قسەی بۆ خەڵك و هەوادارانی خۆی كردووە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بوو، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە ماڵەكەیدا خۆی كرەنتین كردبوو و ئامۆژگاریی خەڵكی دەكرد كە خۆپارێزی بكەن تا لەو نەخۆشییە دوور بكەونەوە.

چەند جارێك هەواڵی تێكچوونی تەندروستیی ئەو هونەرمەندە بڵاو بووەتەوە، بەڵام ئەم تێكچوونەی ئێستەی كە پێگەكە ئاماژەی بە خۆشییەكەی نەكردووە، پێدەچێ گەیشتبێتە دۆخی مەترسی بۆ سەر گیانی.

جۆرج وسووف لە ساڵی 1961 لە سووریا لە دایك بووە. لە قۆناغی سەرەتاییەوە لە قوتابخانە وەك دەنگخۆش گەشەی كردووە. لە 16 ساڵیدا وەك گۆرانیبێژ لە سووریا ناسرا، دواتر چووەتە لبنان و وەك خۆی گوتوویەتی، لەسەر شەقام و شۆستەدا شەوان رۆژی كردووەتەوە. پێشتر لە گازینۆكان و بەدوایدا لە هۆتێلەكان گۆرانیی گوتووە.

تا ئێستە وسووف 15 ئەلبوومی بڵاو كردووەتەوە جیا لە گۆرانییە سینگڵەكانی، زیاتر بە گۆرانیی "هەوا سوڵتان" ناسرایەوە. جیا لە فێستیڤاڵە موزیكییەكان، دەیان كۆنسێرتی لە وڵاتانی دنیا ساز كردووە. بە یەكێك لە كۆڵەگە تۆكمەكانی گۆرانیی عەرەبی هەژمار دەكرێت. تا ئێستە دەیان خەڵاتی عەرەبی و ئەوروپایی وەرگرتووە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د