تارا عەبدولڕەحمان ئەكتەر و میدیاكاری دیاری كوردستان، لە دیمانەیەكی بۆ "وشە" باس لە كارەكانی خۆی دەكات و دەڵێت، "ئەوكاتەی من دەستم بەكاری نواندن و میدیایی كرد، ژن بە پەنجەی دەست دەهاتنە ژماردن". ئەوەش دەڵێ كە بەداخەوە لە هەولێر بەناوی پڕۆژەی هونەرییەوە پارە خەرج دەكرێ و لە سلێمانی بەهەدەر دەدرێ.
سەرەتای كاری هونەریت بۆ كەی دەگەڕێتەوە و تا ئێستە چەند بەرهەمی درامایی و شانۆ و سینەماییت هەیە؟
لە ساڵی 1991 لە كاتی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان، دەستپێكی كاری هونەری من بووە و دوای ئازادكردنی كوردستان، هەلی زیاترم بۆ ڕەخساوە كە بەشداری كاری نواندن بكەم. تا ئێستەش خاوەنی زیاتر لە 100 بەرهەمی هونەری جۆراوجۆرم كە پێكهاتووە لە دراما و و شانۆ و سینەما.
وەك میدیاكار كەی دەستت پێ كرد؟
ساڵی 1998 دەستم بە كاری میدیایی كرد و یەكەم جاریش لە تەلەڤزیۆنی هەرێم وەرگیرام كە ئەوكات ژنی میدیاكار بە پەنجەی دەست دەهاتنە ژماردن.
لە نێوان میدیا و نواندندا سەركەوتنەكانت لە كامیان بەدی دەكەیت؟
سەركەوتنەكانم لە هەردوو بوارەكەدا بەدی دەكەم و خۆشەویستیم بۆ هەردوو پیشەكەم هەیە، سەرەتا زیاتر حەزم بە كاری نواندن دەكرد و لە نواندندا خۆم دۆزییەوە، بەڵام ئێستە دڵم لە كاری نواندن شكاوە، چونكە نواندن لەم وڵاتەدا قەدری نییه و بایەخی پێ نادرێت، بۆیە ئێستە زیاتر حەز بە كاری میدیایی دەكەم و ئەم كارەم زیاتر لەلام خۆشەویستە، هەروەها ئێستەیش لەناو كاری میدیاییدا خۆم دەدۆزمەوە.
بەمدواییە پڕۆژەیەكی نوێت بەناوی "خزمەتی پێشمەرگەكان" ڕاگەیاند، كارەكەت چیی بەسەر هات؟
ڕاستە ئەمساڵ پڕۆژەیەكی نوێم بەناوی "خزمەتی پێشمەرگەكان" ڕاگەیاند، بەداخەوە هیچ كەسێك ئاماده نەبوو پشتگیری پڕۆژەكەم بكات، پڕۆژەكەش پێویستی بەهیچ گوژمەیەكی گەورەی پارە نەبووە كە لێی خەرج بكرێت. من خاوەنی بیرۆكەی زۆرم، بەڵام لە بری من خەڵكانێكی تر دەیخۆن و خۆیان خاوەنی هیچ بیرۆكەیەك نین بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆیان بخۆن.
ئامانجت لەم پڕۆژەیە چی بوو؟
لەبەرئەوەی باوكم پێشمەرگە بووە و منیش وەك كچە پێشمەرگەیەك حەزم كرد لەم ڕێیەدا خزمەت بە پێشمەرگە بكەم، بۆیە هەمیشە خۆم بە قەرزداری پێشمەرگە دەزانم، بۆ ئەم پڕۆژەیەش شێخ سیروان بارزانی یارمەتی دەدام، بەڵام دواتر بەربەست هاتە بەردەمم، چونكە بەڕێزیان دەیزانی كە وەك پێشمەرگەیەك دەچمە بەرەی جەنگ و بەمەش مەترسی دەكەوێتە سەر ژیانم. لەهەمان كاتدا كاك جەمال مورتكە لە دەستنیشانكردنی میحوەرەكان هاوكارم بوو، بەڵام لە ڕووی داراییەوە كەس پشتگیریی نەكردم.
ماوەیەكە لە كاری نواندن دیار نیت، ئایا سەردەمی ئێوە بەسەر چووە یان كەسانی ناشایستە هاتوونەتە گۆڕەپانەكە؟
لەبەرئەوەی لە پڕۆژە و كاری نواندندا ئاگادار ناكرێمەوە بۆ ئەوەی بەشداربم، چونكە ئەوانەی بەم كارانە هەڵدەستن، زیاتر ئەكتەرانی سلێمانی هەڵدەبژێرن، دیارە هەولێر ئەكتەری نییە! بە داخەوە پارە لێرە بەناوی هونەری و پڕۆژەی سینەمایی خەرج دەكرێ و لە سلێمانی بەهەدەر دەڕوات. پێم وایە ئەو نواندنانەی لەو سەردەمەدا لە كوردستان بەرهەم دەهێنرێن، زیاتر لە فیلم كارتۆن دەچن و پاشان كۆپی دراما توركییەكانە. بەداخەوە ڕۆژ بەڕۆژ كاری هونەری و نواندن لە كوردستان بەرەو دواوە هەنگاو دەنێت، چونكە ئەوانەی پێوەندارن لە كوردستان، گرووپێكن تەنیا دەخۆن و دەدزن، كوا لێپرسینەوە و دادپەروەری؟!
هیچ پڕۆژەیەكی نوێت لە بواری نواندندا هەیە بۆ ئایندە؟
ئێستە نەخێر، تەنیا لە هەوڵی بەرنامە و پرۆگرامی تیڤیم و بەكاری میدیاییەوە زیاتر سەرقاڵم.
پێشنیارت چییە بۆ بەرەوپێشبردنی دراما و سینەما لە كوردستاندا؟
هیچ پێشنیارێكم بۆ بەرەوپێشبردنی دراما و سینەما لە كوردستاندا نییە، تەنیا دەمەوێ لەلایەن حكوومەت و سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بەدواداچوون بكرێ لە بەهەدەردانی پاره و گەڕاندنەوەی مافی هونەرمەندان. لە وڵاتانی دنیادا هونەرمەندی بە ئەزموون زۆرە كە هەمیشە داهێنان دەكەن، بەڵام لە كوردستان بە پێچەوانەوە تەنیا تازەگەری دەكرێت بە هێنانی ئەكتەری ئێرانی و پڕۆژەی ئێرانی.
من و پیربوون هەمیشە لە جەنگداین
بۆچی تارا عەبدولڕەحمان تا تەمەنی هەڵدەكشێ، گەنجتر و جوانتر خۆی دەنوێنێ؟
لەبەرئەوەی زۆر بایەخ بە خۆم دەدەم، من و پیربوون هەمیشە لە جەنگداین، بەڵام هەموو كات من براوەم و گەنجتر دەردەكەوم، هەرچەندە سەردەمی من ئەو پێشكەوتنەی ئێستە نەبووە، دەنا زۆر زیاتر بایەخم بە جوانی و گەنجی خۆم دەدا.
لە سۆشیال میدیادا بۆچی لە زۆربەی وێنەكانتدا وەك كەسێكی ڕۆمانسی دەردەكەویت؟
لە بنەڕەتەوە خۆم هەروام و زۆر كەسیش پێم دەڵێن تۆنی ژیان واتە ڕۆمانسییەت، كەسانی ڕۆمانسیشم خۆش دەوێ، دەركەوتنیشم وەك كچێكی ڕۆمانسی هیچ نواندن نییە، بەڵكو سروشتم وایە، باوكیشم هەروا بووە.
وشە/ محەمەد جەمال